وادەی كۆتایی هاتنی شەپۆلی باران بارین ڕاگەیەنرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە کاتەکانی سەرەتای دوێنێوە دەستیپێکردووە، تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بەردەوام دەبێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی ڕایگەیاند" لە ئەنجامی بەردەوامی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی لەدەریای ناوەراستەوە كاریگەری لەسەر كەشوھەوای ناوچەكە ھەیە بارانبارین بە رێژەی جیاواز لەناوچە جیاجیاكانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆك و ئیدارەی راپەرین بەردەوامی ھەیە كە لەھەندێ ناوچە ھەورە بروسكە چالاكە و تەرزەش ئەبارێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لەناوچەكانی پارێزگای كەركوك و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان كەش لەكاتەكانی بەرەبەیانەوە ئاسایی بووەتەوە پێشبینی ئەكەین كاتەكانی دوای نیوەرۆ بەدواوە بارانبارین لەناوچەكانی سنوری پارێزگای كەركوك و سلێمانی و ھەڵەبجە و باكوری گەرمیان دەستپێبكاتەوە بەرێژەی مامناوەند و پچر پچر لەھەندێ ناوچەشدا ھەورە بروسكە چالاك ئەبێت و رێژەی بارانەكە زیاتر ئەبێت .

ئاماژەی بەوەشكردووە، كاریگەری ئەم شەپۆلە وەك لە راپۆرتی شەوی ڕابردوودا رامانگەیاند تا كاتەكانی درەنگی ئەمشەو بەردەوامی ئەبێت و بەرەبەیانی سبەی یەكشەمە ٢٧-١١-٢٠٢٢ كۆتایی پێدێت وە ئەگەری دروستبوونی تەم و مژی چر لە زۆربەی ناوچەكان ئەبێت تایبەت كاتەكانی شەو بۆ پێش نیوەرۆی سبەی. 


PM:12:44:26/11/2022