تەندروستی هەرێم: ئەمساڵ 54 تووشبووی نوێی ئایدز تۆماركراون


وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ 538 هەزار 206 پشكنینی ئایدز كراوە و لەو ژمارەیەش 54 پشكنین ئەنجامەكەیان پۆزەتیڤ بووە، واتە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بوون. 

ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندووە، ئەمساڵ 538 هەزار 206 پشكنینی ڤایرۆسی ئایدزیان كردووە، لە پارێزگای دهۆك 184 هەزار و 867 پشكنین، سلێمانی 81 هەزار و 273  و هەولێر 272 هەزار و 66 پشكنین.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، 54 پشكنین ئەنجامەكەیان پۆزەتیڤ بوو، واتە كەسەكە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بوو كە 40 كەسیان بیانین، چواریان كوردن و 10 كەسی دیكەش خەڵكی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.

حەوێزی وتویەتی "وەزارەت هەوڵێكی زۆر دەدات رێكارەكانی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی HIV بگرێتەبەر، بەڵام دەستنیشانكردنیش زۆر گرنگە، چونكە ئەگەر خێرا دەستنیشان بكرێت، بەدڵنیایەوە دەتوانرێت رێگری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی زیاتری".



PM:04:54:01/12/2022