"خراپترین‌و شەرمهێنەرترین هەنگاو جوڵاندنی ھێزی ئەمنی‌و رەشبگیرییە دژی خوێندکارانی زانکۆکان"


فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بارودۆخی یاسایی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی تۆمەتبار یاداشتێکی توند ئاراستەی رای گشتی و نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵوێزخانەکان دەکەن.

لەو یاداشتەدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی " سپی " نێردراوە هاتووە" لە سەروەختی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن، قەیرانەکان و ململانێ سیاسییەکاندا پەناببرێتەبەر خراپبەكارهێنانی دام و دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دژایەتییكردن و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی رەخنەگران، رۆژنامەوانان و نەیارانی سیاسیی بە قازانجی ھەڵسووڕێنەرانی چەکدارە گوێڕایەڵەکانی سەرکردە سەربازییەکانی حزبە باڵادەستەکان". 

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە یاداشتنامەکەیاندا دەڵێن" لە ھەموویشی خراپتر و شەرمھێنەرتر؛ جووڵاندنی ھێزی ھەواڵگریی و ئەمنیی ئەمدوایە بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان و لەبەرکردنی جلی مەدەنیی بوو بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی خوێندکارانی ناڕازیی کە چەند ھەفتەیەکە بەھۆی نەدانی دەرماڵەوە، رەشبگیرییەک لەلایەن ھێزە ئەمنییە ناسراو و نەناسراوەکانەوە دەستیپێکردووەو ھێشتا درێژەی ھەیە".

دەقی یاداشتەکە..

یاداشتنامەی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لەبارەی ناسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و نەپاراستنی مافەکانی تۆمەتباران 
بۆ بەڕیزان : - نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان
 - نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا.
 رێكخراوە بیانیی و نێودەوڵەتییەكان.
 سەرجەم کونسووڵخانەی وڵاتان لە عێراق 
 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
 - ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
 - ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق –
 سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان 
 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
 - سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران 
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری بابەت: ناڕەزایینامە
 سڵاو و رێز:- 
ساڵانێكە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (FCSO) بەگشتیی و ھەندێک لە ڕێكخراوە ئەندامەکانی بەتایبەتی؛ لەگەڵ چەندین لایەن و کەسایەتییدا هۆشداریی لەو پێشێلكاریە زەقە نایاساییانەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەدەن دژ بە ھەژموونی حزبیی بۆ بێبەھاکردنی سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دادگەکان، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و لەنێویشیاندا مافی تۆمەتباران. 
لەو نێوەندەدا؛ سەنتەری پەرەپێدانی دیمووکراسیی و مافی مرۆڤ (DHRD) وەک یەكێك لە رێکخراوە چالاکەکانی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تائێستە 11 ڕاپۆرتی ساڵانەی لەبارەی پێشێلكردنی مافەكانی تۆمەتبار لە كاتی ڕاگرتن و وتەوەرگرتن و ئەو گرنتیە یاساییانەی كە یاسا بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە و دادگەییکردن و پرۆسەی سەپاندنی سزا و چاكسازییدا دەریکردوون بڵاوکردووەتەوە. بەتایبەت کە چەندینجار بێشەرمانە پێشێلكاریی بەرامبەر مافەكانی تۆمەتباران كراوە و بێسڵەمینەوە لە تەلەڤزیۆنەکانەوە و بەبێ هیچ دەرگاوانێکی یاسایی و پیشەیی؛ دەم و چاوی تۆمەتباران نیشاندراوە و وێنەکانیان بەسیستەمی پەخشی HD بڵاوکراونەتەوە كە ئەمەش دژ و پێچەوانەی سەرجەم بنەما یاسایی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤە. تەنانەت كار گەیشتووە بەوەی لە سەروەختی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن، قەیرانەکان و ململانێ سیاسییەکاندا پەناببرێتەبەر خراپبەكارهێنانی دام و دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دژایەتییكردن و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی رەخنەگران، رۆژنامەوانان و نەیارانی سیاسیی بە قازانجی ھەڵسووڕێنەرانی چەکدارە گوێڕایەڵەکانی سەرکردە سەربازییەکانی حزبە باڵادەستەکان. 
لەھەموویشی خراپتر و شەرمھێنەرتر؛ جووڵاندنی ھێزی ھەواڵگریی و ئەمنیی ئەمدوایە بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان و لەبەرکردنی جلی مەدەنیی بوو بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی خوێندکارانی ناڕازیی کە چەند ھەفتەیەکە بەھۆی نەدانی دەرماڵەوە، رەشبگیرییەک لەلایەن ھێزە ئەمنییە ناسراو و نەناسراوەکانەوە دەستیپێکردووەو ھێشتا درێژەی ھەیە. ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی نایشارینەوە کە دوای نزیکەی سێ دەیە لە ئەزموونی فەرمانڕەوایی کورد لە کوردستانی عێراقدا؛ دۆخی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە دەربڕین و رۆژنامەگەریی و خۆپیشاندان، سەربەخۆیی دەستەڵاتی دادوەریی و پیشەیی کارکردنی دادوەر و دادگەکان لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. تەنانەت سەرۆک و سەرکردەی حزبەکانیش کە داھێنەری دەستێوەردانی حزبیی بوون لە دادگەکاندا؛ ئێستە ھیچ تەماھی و خۆزگەیەکی پێناخوازن و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە حزبییەکانی خۆیشیان پەنا بۆ دادگەکانی عێراق دەبەن و ھیچ متمانە و بەھایەکیان بۆ درووست کارکردنی دادوەر و دادگەکان نەھێشتووەتەوە. ھەربۆیە لە درێژەی #ھەڵمەتی_گەڕانەوەی_شکۆ_بۆ_سلێمانی و سەرجەم شارەکانی دیکەدا ئەم داواکاریانە دەخەینەروو تاوەکوو لەسەرانسەری لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستانی عێراقدا کاریان لەسەر بکرێت، لەوانە:

1. راگرتنی دەستێوەردانی حزبیی لە كاروباری ئەنجوومەنی دادوەری؛ لەپێناو سەربەخۆیی دادگە و پیشەیی کارکردنی دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییدا.

2. بەزوویی دوورخستنەوەی دەستی حزب و سەرکردە ھەواڵگریی و ئەمنییەکان لە پرۆسەی دامەزراندنی دادوەران و پلە بەرزكردنەوەیان و ئاڵوگۆڕكردنی شوێنەكانیان.

3. دەستبەجێ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دەستگیراوانی بادینان كە لە تۆمتبارکردنیانەوە تا بە تاوانبارناساندن و زیندانییکردنیان؛ چەندین پێشێلكاریی زەق و ئاشكرایان بەرامبەر کراوە.

4. بەزوویی دۆزینەوەی بکەرانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمدواییە و یەکلاکردنەوەی دۆسییەی تۆمەتباران و تاوانبارانی ئەو تاوانانەی گوومانی تەسفییە حساباتی حزبیی رێکخراویان لێدەکرێت. بەتایبەت دۆسییەی تیرۆری ئەفسەرانی دژەتیرۆر.

5. دەستبەجێ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و دەستەڵاتەکانی و دیارییکردنی کەسێکی شیاو بۆ راوێژکاری ئەنجوومەنەکە؛ لە دەرەوەی ئەندامانی ھەردوو بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانیی کە ساڵانێکە ھەژموونیان بەسەر دەزگە ھەواڵگریی و ئەمنییە حزبیی و حکوومییەکاندا ھەیە. فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی 25ی تشرینی دووەمی 2022  *فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (FCSO)؛ تۆڕێكی سەربەخۆی قازانجنەویستی سەربەخۆیە. لە 20ی ئابی 2006ەوە وەک گرووپێکی گووشاری مەدەنیی بە ئامانجی؛ چەسپاندنی پایەکانی سیستەمی دیموكراسی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و سەرپێخستنی پیشەیی كۆمەڵگەی مەدەنیی دامەزراوە. ئەم فیدراسیۆنە؛ 12 رێكخراوی ناحكومیی تۆمارکراو ئەندامێتیی دەکەن کە ئەوانیش لەمانەی خوارەوە پێکدێن:

1. پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن (KIE)
2. سەنتەری پەرەپێدانی دیمووکراسیی و مافی مرۆڤ (DHRD)
3. رێکخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان (WOLA)
4. رێکخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمک)
5. رێكخراوی ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان
6. ناوەندی نیشتمانیی بۆ مافی مرۆڤ
7. رێكخراوی تیمی ئاشتی جڤاكی (CPT)
8. رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان
9. ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY)
10. رێکخراوی گەشەپێدانی چالاكی لاوان (YADC)
11. رێكخراوی هەڵوێست
12. رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كەلتوری مەدەنی



AM:12:03:02/12/2022