" رێگا نادرێت گیراوەکانی بادینان پەیوەندی بە دەرەوەی زیندانەوە بکەن "


پارێزەر بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان رایگەیاند" بەپێی یاسای چاکسازییەکان هەر زیندانیەک بۆی هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە پەیوەندی هەبێت و ئەمەش مافێکی یاسایی و سروشتیە، بەڵام دەسەڵاتداران پەیوەندییەکانی دەستگیرکراوان بادینانیان لەگەڵ دەرەوە پچراندووە".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا پارێزەر بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان، رایگەیاندووە" بۆ جاری چوارەمە گیراوانی بادینان لە چاکسازی گەورانی هەولێر سزا دەدرێن و دەیانەوێت بەوسزایانە، دەستگیرکراوان تووشی شکستی دەروونی و کەسایەتی بکەن".
 
 سەرۆکی تیمی پارێزەران دەشڵێت " ئەمە یەکەمجار نیە سزادەدرێن، ئەمە بۆجاری چوارەمە و هەرجارەی بە بیانوویەک، سزادەدرێن".

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان راشیگەیاند: "سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان تەنها لەبەرئەوەیە داوای گواستنەوەیان کردووە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی، چونکە دەستگیرکراوانی بادینان پێیانوایە مافەکانیان لە چاکسازی گەورانی سلێمانی پارێزراوە".



PM:04:52:03/12/2022