ژمارەیەکی کەمی خێزانەکانی هەرێم نەوتیان وەرگرتووە


ماوەیەکە سەرمای پایز و زستان لەناوچە شاخاویەکان دەستیپێکردووە، دوو هەفتەی تریش بەتەواوی وەرزی زستان لە هەموو هەرێم دەستپێدەکات، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەکی کەم لە خێزانەکان بە نرخێکی گران نەوتیان وەرگرتووە کە تەنها ١٣% خێزانەکانی هەرێمە.

بەپێی راگەیایەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی ٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ٣١ ملیۆن و٢٠٧ هەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپیی لە هەرێمی کوردستان بەسەر ١٤٦ هەزار و ٥٣٩ خێزاندا دابەشکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا بەم شێوەیە دابەشکردنەکەی خستۆتەڕوو:
-لە سنووری پارێزگای هەولێر ٨ ملیۆن و ٤٥٤ هەزار و ٤٠٠ لیتر دابەشکراوە؛ ٤٢ هەزار و ٢٧٢ خێزان لێی سوودمەند بوون.

- لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ١٢ ملیۆن و ٢١٣ هەزار و ٨٠٠ لیتر دابەشکراوە؛ ٦١ هەزار و ٦٩ خێزان لێی سوودمەند بوون.

- لە سنووری پارێزگای دهۆک ١٠ ملیۆن و ٦٣٩ هەزار و ٦٠٠ لیتر دابەشکراوە؛ ٥٣ هەزار و ١٩٨ خێزان لێی سوودمەند بوون.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٢٥٧ هەزار خێزان تێیدا دەژین و بۆ وەرگرتنی نەوت دابەشی سەر سێ زۆن کراون:

- ناوچە شاخاوییەکان ٣٢٠ هەزار خێزان.
- ناوچەکانی دەوروبەر ٣٤٠ بۆ ٣٤٥ هەزار خێزان.
- سەنتەری شارەکان ٦٢٥ هەزار خێزان.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٧٠ ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکراوە و بە شێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیل بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دەکڕێت و بە ١٠٣ هەزار دینار دەیداتە هاونیشتمانیان.  



PM:08:40:05/12/2022