تیمی یەكێتی رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێم دەگرێت


تیمی وەزاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە حكومەتی هەرێم رەخنەی توند لە راگەیەنراوەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە ناردنی 400 ملیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ هەرێم دەگرن و دەڵێن "بێڕێزیە بەرامبەر تیمەكەمان و دوبارە تەعبیركردنە لە ڕای یەك حزبی ناو حكومەت".

تیمی وەزاری یەكێتی رایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەكات كە لەسەر بنەمای گفتوگۆكانی ماوەی رابردوی شاندی هەرێم بۆ بەغدا رەوانەكراوە، ئەو شاندانەش بە سەرۆكایەتی دكتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئەندامیەتی دكتۆر ئامانج رەحیمی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بوون كە هەردوكیان لە تیمی یەكێتیین لەگەڵ ئەندامانی تری وەفدەكە. 

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "ئەم 400 ملیارە لەسەر بنەمای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە كە حكومەتی عێراقییان پێكهێنا بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردو لەماڵی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد كۆبونەوە".

تیمی وەزاری یەكێتی لە حكومەتی هەرێم رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێم دەگرن و دەڵێن "‎ ئێمە بەتوندی راگەیەندراوەكە كە بە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە دەربارەی 400 ملیار دینارەكە رەتدەكەینەوە، چونكە ئەوەی باس كراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیە بەرامبەر تیمەكەمان.  ئێمە وەك بەشێكی سەرەكی ئەم حكومەتە رایدەگەیێنین كە؛ بە هیچ شێوەیەك ئەوە راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە، بەڵكو دوبارە تەعبیركردنە لە ڕای یەك حزبی ناو حكومەت. هەر ئەو جۆرە تاكڕەویەشە كە ئێمەی نیگەران كردوە و وای لێ كردوین هەڵوێستمان هەبێت."




PM:10:55:13/12/2022