لەسەر 400 ملیارەكە، وەڵامێكی توند لە پارتییەوە بۆ یەكێتی


تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ناردنی 400 ملیارەكەی بەغداد بۆ هەرێم كە تیمی یەكێتی بایكۆتی وەفدەكەی هەرێمی كوردستان كردبوو، تیمی پارتی بە یەكێتی رایگەیاند "بەڵێ ئێوە بایكۆتتان كردووە ئیتر بۆ بە وتنی راستییەكان قەڵس دەبن". 
 
تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە حكومەتی هەرێم وەڵامی تیمی یەكێتی داوەتەوە رایگەیاندووە "دوای ئەو كردەوە تیرۆریستییەی لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی عەقید هاوكار جاف كە بەشێوەیەكی نامرۆڤانە و دڕندانە لەبەرچاوی خێزان و منداڵەكانی تیرۆركرا و دوای ئەوەی هێزەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تۆمەتبارانیان دۆزییەوە و بە بەڵگەی تەواوەوە لەسەر كەناڵەكانی راگەیاندن دانیان بە تاوانەكەدا نا".

تیمی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە "چاوەڕوان دەكرا جێگری سەرۆكوەزیران هاوكاری دادگاكان بكات، كەچی خۆی و سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گوشارێكی زۆریان كرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بكرێت و سازشی لەسەر بكرێت، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێك لەسەر پەردەپۆشكردنی تاوانەكە نەكرا، بۆیە جێگری سەرۆك وەزیران بڕیاریدا بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكات و داواشی لە تیمی وەزاری یەكێتی كرد بەشداریی كۆبوونەوەكان نەكەن". 
 
تیمی پارتی وتویەتی "هەرخودی جێگری سەرۆك وەزیران لەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رێگری كرد و نەیهێشت وەزیرەكانی یەكێتی بۆ جاری دووەم بەشداریی شاندی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆیە شاندەكە لە ئێوارەی 12/11 بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری گەڕانەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان". 
 
تیمی پارتی دەڵێت "ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لەسەر ناردنی 400 ملیار دینارەكەدا وەك دەربڕینی نیازپاكی و پابەندبوون بەو رێككەوتننەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵ كراوە، هەروەها لەسەر بنەمای كارنامەی وەزاریی حكومەت، كەچی راگەیاندنی فەرمی یەكێتی هەر زوو خۆی كردە خاوەنی ئەم بڕیارە كە گوایا بە هەوڵی یەكێتی ئەم بڕیارە دراوە، لە كاتێكدا تیمی وەزاری یەكێتی بە ئاشكرا ئامادەنەبوو بچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، بە داخەوە ئێوە هەمیشە خۆتان دەكەنە شەریك و خاوەنی دەسكەوتەكان، بەڵام لە كاتی پێویستیشدا لە بەرپرسیاریەتی رادەكەن و ئامادەنین بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەكانتان". 



AM:12:21:14/12/2022