پەیامێكی "گرنگ" لە پارتییەوە بۆ یەكێتی


سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەر كاتێك یەكێتی ئامادەبێت، وەك پارتی سەردانیان دەكەن، چونكە پارتی و یەكێتی جگە لە دانیشتن و گفتوگۆ هیچ رێگەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی دووی پارتی بە كوردستان24ی رلگەیاندووە، وەكو دەستپێشخەری لەپێناو گفتوگۆی لایەنەكان پارتیش نیگەرانی هەیە، بەڵام نایانەوێت لە سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەكانەوە پەیام بنێرن و بەو هۆیەشەوە، خەڵكی هەرێمی كوردستان نیگەران بكەن.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، ئەوان جددین لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ یەكێتی لەرێگەی گفتوگۆوە و وتی "كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی گەورەكراون و دەكرێت بە دانیشتێك یان دوو دانیشتن هەمووی چارەسەربكرێن، چونكە زۆر كاری دیكەی گەورە هەیە دەتوانین بەیەكەوە ئەنجامی بدەین.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، "ناكرێت هیچ حزبێكی سیاسی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی یان كشانەوە لە حكومەت یان چوونە باوەشی بەغدا وەك كارتێكی سیاسی بەكاربهێنێت یان خۆی بە خاوەنی سامانی ناوچەیەك بزانێت بۆ ئەوەی هەڕەشەی لایەنێكی دیكەی پێبكات، ئەمانە هێڵی سوورن نابێت هیچ لایەنێك دەستیان بۆ ببات".




PM:05:45:15/12/2022