جارێكی تر داواى بینینی ئۆجەلان دەکرێت

پارێزەران و خانەوادەی ئۆجالان و گیراوانی دیکەی زیندانی دوورگەی ئیمرالی بۆ ئەوەی بچنە ئیمرالی داواکاری دیداریان ئاڕاستەی داواكاری گشتی كۆماری بورسا کرد.

ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی محەمەد ئۆجەلان برای رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەروەها مەزڵوم دینچی پارێزەری و هەر یەك لە عەلی كۆنار برای عومەر خەیری كۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خۆشی وەیسی ئاكتاش، بە مەبەستی دیداری ئیمرالی سەردانی داواكاری گشتی كۆماری بورسایان كرد.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزەران هەفتەی دوو جار داوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان پێشكەش دەكەن، بەڵام داواكارییەكانیان بێ وەڵام دەهێڵرێتەوە، هەندێك جاریش دوای چەند مانگ بە پارێزەران دەوترێت، كە سزای دیسپلین سەپێنراوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٨، لە ژێر فشاری حكومەتی سوریادا ئەو وڵاتەی جێهێشت‌ و دواتر لە شوباتی ١٩٩٩ لە وڵاتی كینیا لەلایەن دەزگای سیخوری توركیاوە رفێنرا‌و، دادگای توركیا ساڵی ٢٠٠٢ حوكمی لە سێدارەدانی بۆ ئۆجەلان دەركرد، بەڵام دواتر حوكمە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.


PM:03:01:16/12/2022