راهێنەری ئەرجەنتین پێش یاری کۆتایی مۆندیال هەموو شتێکی ئاشکرا کرد

لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێش یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢ بەرامبەر بە فەرەنسا کە سبەی یەکشەممە ئەنجام،دەدرێ، بەشداری لە پرێس کۆنفرانسێکی هەواڵی کردوو باسی لە یاریەکە کرد.


لیۆنێل سکالۆنی وتی "پێموایە یارییەکەی سبەی بەکۆمەڵتر دەبێت نەک تاکەکەسی، مباپێ یاریزانێکی بەتوانا و نایاب و ناوازەیە، بەڵام لە هەردوولا یاریزانی باش دەبینین،دوای یارییەکەی کرواتیا، گوتم هەست دەکەم خەونەکەم وەک ڕاهێنەری ئەرجەنتین دێتە دی، پێموایە دەبێت چێژ لەم ساتانە وەربگرین بەو پێیەی ڕۆژێک پێش یاری کۆتایی مۆندیالە  هەڵبژاردەی نیشتمانی ڕێزی لێگرتم بە پێدانی ئەم دەرفەتە، کە دەبێت بە دەستی بهێنم".

  سکالۆنی وتیشی" هەمووان چ لە یاریگا یان کورسی یەدەگ و ئەوانەی کە بە هۆکاری دیکە ئامادەنەبوون، وەک لۆ سێلسۆ، بەشدارییان لە ئامادەبوونمان لێرەدا کردووە، پێشبینی دەکەم یارییەکەی سبەی مێژوویی بێت و هەمیشە لەبیرمان دەمێنێتەوە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەنجامدانی ئەم یارییە دەکەین". 

 لەبەردەوامی قسەکانی لیۆنێل سکالۆنی وتی:"  لە ڕۆژی یەکەمەوە باسی ئەوە دەکەم کە ئێمە تیپێکمان دەوێت کە نوێنەرایەتی ئەرجەنتین و خەڵکەکەی بکات، ویستمان بگەینە بەرزترین ئاست و ئێستا ئەوە کاری خۆمانە  لە ساڵی ٢٠١٩ەوە باوەڕمان بە تیپەکە و لاوان هەیە".
لەسەر مباپێ وتی:" یارییەکەی سبەی ئەرجەنتین بەرامبەر فەرەنسا دەبێت نەک مێسی بەرامبەر مباپێ، ئێمە خاڵە بەهێزەکانی خۆمان هەیە، باوەڕم وایە کە تیپەکە بە گشتی بڕیار لەسەر یارییەکەی سبەینێ دەدات،مێسی باشە و لە باشترین بارودۆخی توانای جەستەییدایە". 


لەسەر پلانەکانی وتی:" پلانی سبەی یاریکردنمان ڕوونە، ئێمە دەزانین چۆن هێرش بکەین و خاڵە بەهێزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسی دەزانین، هەوڵدەدەین نەگەینە لێدانی سزا، بەڵام ئەگەر گەیشتین، هەوڵدەدەین باشترین لێدەری لێدانی سزا هەڵبژێرین، هیوادارین سبەی مێسی جامەکە هەڵبگرێت و چێژ لە یارییەکە وەربگرێت، لە ئەرجەنتین زۆر حەزمان لە تۆپی پێیە و خەڵکی ئەوێ پێویستیان بەو خۆشییە هەیە و دڵخۆش بووم کە بەشێک بووم لە هۆکاری خۆشیەکانیان، شتێکی باشە کە بزانین هاندەران چەندە پشتگیریمان دەکەن، زۆر کاریگەر و سۆزدارییە بۆ ئێمە".

لەسەر فەرەنسا وتی:" فەرەنسا توانای گۆڕینی پلانەکانی هەیە لە چەند ساتێکدا، پێموایە یارییەکە لە چاوەڕوانییەکان زیاتر دەبێت، لە ماوەی 90 خولەکدا دەبینین پلانەکان چۆن دەگۆڕدرێن و ئامادەین بۆ ئەوە،یاریزانە فەرەنسییەکان پێدەچێت تووشبوونێک هەبێت بەڵام ناتوانین باسی ئەوە بکەین چونکە لە کەمپەکەدا نین، ئێمە وەک هەمیشە خۆمان بۆ سبەینێ ئامادە دەکەین بە پشتبەستن بە شێوازی یاریکردنی فەرەنسا".

 لیۆنێل سکالۆنی لەسەر پێکهاتەکەی وتی:"  بەڵێ من بڕیارمدا پێکهاتەکە چۆن دەبێت، چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ بکەن تا بزانیت دەتەوێت چی بزانیت، هەرچییەک ببینین خزمەت بە ئامانجەکەمان دەکات لە قورسکردنی شتەکان بۆ یاریزانی بەرامبەر، ئێمە دەیکەین".  



PM:04:50:17/12/2022