هەولیر لە ئامادەكاریدایە بۆ 3 شەممە

شاندی یانەی هەولێر رۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان و لە هۆتێلی لانكستر نیشتەجێ بووە و رۆژی هەینی و شەممە یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی سەفا و حەمدون ئەنجامدا بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ یارییەكەی رۆژی سێشەممە بەرانبەر تیپی هانۆی ڤێتنامی.
لە مەشقەی رۆژانەدا راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆ هەوڵی دا كەش و هەوایەكی گونجاو بۆ یاریزانەكان دابین بكات و هەروەها چەند مەشقێكی تایبەت بە پلانی یاریكردن جێبەجێكرد.
لە رووی جەستەیەوە گشت یاریزانەكان ئامادەن و هیچ یاریزانێك پێكان-ی نییە و هەروەها هەردوو یاریزان بارزان شێرزاد و سیروان خدر پەیوەندییان بە مەشقی یانەی هەولێر كرد لە لوبنان و لەگەڵ شاندەكە رۆژی شەممە یەكەم یەكەی مەشقی خۆیان ئەنجامدا.
لە لایەكی ترەوە رۆژی شەممە شاندی یانەی هانۆی ڤێتنامی گەیشتنە بەیروت و لە هۆتێلی رمادا نیشتەجێبوون وا بڕیارە رۆژی یەكشەممە یەكەم یەكەی مەشقی خۆیان ئەنجام بدەن.
جێگەی باسە رۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی یاری هاتن-ی قۆناغی هەشتەمی جامی یەكێتی ئاسیا یانەی هەولێر میوانداری یانەی هانۆی ڤێتنامی دەكات و یارییەكەش لە یاریگەی صەیدا كاتژمێر 7.30 ئێوارە ئەنجام دەدرێت.


رێبین رەمزی - لوبنان


PM:03:22:24/08/2014