وەزارەتی كاروباری شەھیدان هەوڵ بۆ بەجینۆساید ناساندنی كەیسی كوردانی ئێزیدی دەدات

‌ئاوارەبوونی کوردانی ئێزیدی
وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفال كراوان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی کەیسی کوشتارگەی ئێزیدییەکان لە دادگەی باڵای تاوانەکان و پەرلەمانی عێراق بەجینۆساید بناسرێ.

ئەمڕۆ ئەو لێژنەیەی كه‌ حکومەتی ھەرێم بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی کوردانی ئێزیدیی قوربانی دەستی چەکدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لەسنووری پارێزگای نەینەوا پێکیھێنابوو لەوانەی بەھۆی ئینتیمای ئاینی و نەتەوەییانەوە رووبەرووی کوشتنی بەکۆمەڵ بوونەتەوە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەوەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان سازکرد و نەخشەرێگەیەکی بۆ کارکردن و دەستپێکردنی کارەکانی دیاریکرد و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ وردەکاریی کۆبوونەوەکەی خسته‌ڕوو.

وەزیری كاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان مەحمود حاجی ساڵح لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وتی: "دەمانەوێ زۆرترین بەڵگە و دیکیۆمێنت لەسەر تاوانی دژ بە کوردانی ئێزیدی کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانیین لەسەر ئاستی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تاوانەکە بە جینۆساید بناسێنین. بۆ ئەو مەبەستە چەندین لێژنەی لاوەکی لە کەسانی پسپۆڕ لەناوەوە و دەرەوە دروست دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەرییان ھەبێ لە ناساندنی تاوانەکە به‌ جینۆساید."

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان داواشی لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت رۆژنامەوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یاساناسان کرد لەرێگەی ئیمێلێکی ئەلیکترۆنییەوە کە دواتر بڵاودەکرێتەوە، زانیارییان لەسەر تاوانەکە پێبگەیەنن.

وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان بە پێویستیشی زانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق لە ئاستی ئەو تاوانە بێدەنگ نەبن و کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو کەیسە بکەن.

ئەندامی لێژنە حکومییەکە فەلاح مستەفا لەوبارەیەوە وتی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەنگاوی باش ھاتووەتە پێشەوە لەھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەربازی و مرۆیی و پاڵپشتی دەربڕین، بۆیە ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەڵگەی زۆرتر و تەواو کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی کارەساتەكه‌ بەتەواوەتی بناسێنین و ئەو وڵاتانەش وه‌ك جینۆساید دانی پێدابنێین."



PM:04:36:24/08/2014