سەبارەت بە سزادانی هاوڵاتیان بۆ نەبەستنی پێوەری ئاو روونكردنەوە دەدرێت


بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ رایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە سزایەك نییە بۆ ئەو كەسانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە، بەڵام ئەوەی پێوەرەكەی نەبێت، مانگانە ٨٠ هەزاری بۆ دەچێتەوە لە كاتێكدا، ئەوەی پێوەری هەبێت ناچێتە سەرو ٤٥ هەزار دینار.

ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندووە، تا ئێستا پێنج جۆر پێوەریان پەسەندكردووە و هاوڵاتیان سەرپشكن كام جۆر بەكاردەهێنن، بۆیە پێوەری ئاویان داوەتە بازاڕی ئازاد تا نرخەكەی لەسەر هاولاتیان كەم بكەوێت

ناوبراو روونیكردۆتەوە، بە هیچ جۆرێك سزایەك نییە بۆ نەبەستنی پێوەری ئاو تەنها ئەوانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستوە مانگانە ٨٠ هەزاریان بۆ دەگەرێتەوە بەڵام ئەوانەی پێوەریان هەیە لە ٤٥ هەزار زیاتریان بۆ ناگەرێتەوە.

هەروەها وتویەتی "لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦وە نزیكەی ٥٢٠ هەزار پێوەری ئاو بەستراوە لە رێگەی دوو كۆمپانیاوە كە سێ جۆر پێوەری ئیتاڵی و ئەڵمانی و توركی بەكارهاتووە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی پرۆسەكە راوەستا تا ساڵی ٢٠١٨ دووبارە كەوتەوە بواری جێبەجێكردن".

ئاری ئەحمەد وتیشی، "تەنها ٣٠٪ هاوڵاتی هەرێم پارەی ئاو دەدەن و ئەوانەی دیكە پارەی ئاو نادەن و بەمەش ٤٠٠ ملیاری دیناری قەرزی ئاو لای هاوڵاتییانە."



PM:09:28:20/12/2022