ناوەرۆكی سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ كوردستان



مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا كۆبووە و لەلایەن جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیایەوە بە فەرمی بانگهێشتی ئیتاڵیا كرا.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە جۆرجیا مێلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا كرد و بەپێی راگەیەنراوی حكومەت، لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا كرا.

سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بە دۆستایەتی بەهێزی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا كرد و دۆخی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان و بەتایبەتی رۆڵی هەرێمی كوردستانی لە پاراستنی كریستیانەكان بەرز نرخاند. خواستی وڵاتەكەشی بۆ هاریكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپاتكردەوە.

سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی مەسرور برزنی  بۆ ئەوەی سەردانی ئیتاڵیا بكات.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئیتاڵیا رۆڵێكی گرنگی لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیاش، ئاماژەیەكی گرنگە بۆ بەهێزی دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا.

باشان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، جەختی لەوە كردەوە كە ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و كارو چالاكییەكانی كونسوڵخانەی وڵاتەكەشی لە هەولێر بەرفراوانتر دەكات.



PM:07:27:23/12/2022