"جگە لە گەشتوگوزار، هیچ دامودەزگا و وەزارەتێك بایەخ بە پاراستنی زمانی كوردی نادەن"


سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەەیەنێت "سەرەڕای بونی یاسایەكی تایبەت بە زمانە فەرمیەكان كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان دەرچوە، جگە لە گەشتوگوزار هیچ یەكێك لە دامودەزگا و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر بە تەواوی بە لای ئەم بابەتەوە ناچن و  بایەخ بە پاراستنی زمانی دایك نادەن".

ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە پەیامێكدا رایگەیاندووە، بە درێژایی مێژوو، زمانی كوردی هۆكارێكی سەرەكی مانەوەی نەتەوەی كورد بووە، بە بێ پارێزگاریكردن لە زمانی كوردی ئەستەم بوو بتوانرێت بەردەوامی بە خەباتی نەتەوەیی بدرێت، لە داهاتوشدا هەر هەوڵێك بۆ پێشخستنی دۆزی رەوای نەتەوەیی، بەبێ گێڕانەوەی شكۆ بۆ زمانی كوردی هیچ ئەنجامێكی نابێت.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، وەك سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بە دەركردنی فەرمانێك سەرجەم بنكە و شوێنە گەشتیارییەكان پابەند كرون بە بەكارهێنانی زمانی كوردی وەك زمانی سەرەكی و یەكەم لەسەر تابلۆی ناوی شوێنەكان و خشتەی خزمەتگوزارییەكان و هەر پسوڵەیەكی تر، هۆكار لە دەرچواندنی ئەم فەرمانە لە پێناو بەرژەوندی گشتی و پاراستنی مافی دەستوریی زمانی كوردی و بەرجەستە بونی مۆركی كوردیە.


هەروەها وتویەتی "ئەوەی جێگەی داخە و مایەی نیگەرانییە لای من، سەرەڕای بونی یاسایەكی تایبەت بە زمانە فەرمیەكان كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان دەرچوە (یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2014) ، جگە لە گەشتوگوزار هیچ یەكێك لە دامودەزگا و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر بە تەواوی بە لای ئەم بابەتەوە ناچن و بایەخێكی ئەوتۆ بە پاراستنی زمانی كوردی نادەن".



PM:04:49:24/12/2022