بزانە كێ لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوەیە؟


پەرلەمانتارێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمەریكا لەڕێگەی فشاری سیاسییەوە لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوەیە لە عێراق و كوردستان.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەوەی لەبەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕوودەدات فشارێكی سیاسی ئەمریكایە بە ئامرازێكی ئابوری بۆ حكومەتی عێراق.

ناوبراو وتویەتی "بۆ ئەوەی چیتر دۆلار لە عێراقەوە نەچێتە وڵاتانی دراوسێ و حكومەتی عێراق ڕێگری لێبكات، ئەمریكا بەهای دۆلاری بەرزكردۆتەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە، ئێستا حكومەتی عێراق و محەمەد شیاع سودانی لەبەردەم بەرپرسیاریەتی ئەوەدان كە ئایا بەرژەوەندی عێراق دەپارێزن یان دەیكەنە قوربانی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت كە حكومەتی ئێستا لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهاتووە كە لە ئێران نزیكن.

ئەحمەد حاجی رەشید باسی لەوەكردووە، تاكو ڕێگری لە ناردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ نەكرێت فشارەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لەڕێی دۆلارەوە.



PM:10:15:25/12/2022