كۆنگرەی رۆژنامەنووسی و هونەری یارییەكەی هەولێر و هانۆی ئەنجامدرا

رۆژی دووشەممە لە هۆتێلی هۆلیندانیس لە بەیروتی پایتەختی لوبنان كۆنگرەی هونەری و رۆژنامەنووسی یارییەكەی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و هانۆی ڤێتنامی ئەنجامدرا. لە كۆنگرە هونەریەكە باس لە چەندین تەوەری تایبەت بە یارییەكە كرا، كە بەفەرمی كاتی یارییەكە كاتژمێر 7.30 خولەك بە كاتی كوردستان ئەنجام دەدرێت و یانەی هەولێر بە درێسی رەساسی یاری دەكات و یانەی هانۆی ڤێتنامی بە درێسی سپی یاری دەكات و هەروەها بەفەرمی بڕیار لەسەر بەرێوەچوونی یارییەكە بە بێ جەماوەر درا و باس لە دواین گۆرانكارییەكانی یاسای تۆپی پێی كرا. دوای تەواوبوونی كۆنگرەی هونەری كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا، سەرەتا بۆ تیپی هانۆی ڤێتنامی بەرێوەچوو، كە هەریەكە لە راهێنەر وفان سان هۆنگ و یاریزانی ئەرژەنتینی گۆنزالو ماركۆنل ئامادەی بوون، راهێنەری یانەی هانۆی گوتی: یارییەكە سێشەممە زۆر گرنگە و دەبێت بە باشترین شێوە یاری بكەین تاوەكو بتوانین بگەینە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتیەكە، هەرچەندە یانەی هەولێر یانەیەكی بەهێزە و خاوەنی چەندین یاریزانی بە توانایە و پلانی بەهێزی هەیە، بەڵام ئێمە هەموو شتێك لە پێناو بە دەستهێنانی سەركەوتن ئەنجام دەدین. دواتر یاریزانی ئەرژەنتینی گۆنزالو گوتی: لە یاری یەكەم تووشی دۆران هاتین و بۆ بردنەوە هاتینە لوبنان و راهێنانێكی بەهێزمان ئەنجامداوە و هەموو شتێك پێشكەش دەكەین لە پێناو بە دەستهێنانی سەركەوتن. دواتر كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشو و گۆڵچی جەلال حەسەن ئەنجامدرا، سەرەتا ئەیوب ئۆدیشۆ گوتی: یارییەكی ئاسان نییە و تۆپی پێی دەبێت بەخۆت خزمەتی خۆت بكەی و چاوەڕوانی هیچ شتێك نەكەی هیوادارم لەم یارییە ئاستێكی باشتر لە یاری رابردوو پێشكەش بكەین بۆ ئەوەی سەركەوین بۆ قۆناغی داهاتوو، هەرچەندە لەم دوو یارییە ماندووبونێكی زۆر بە یاریزانان دیاربوو چونكە لە هەولێر بۆ ڤێتنام و هاتن بۆ لوبنان زیاتر لە 5 رۆژ لە نێو فرۆكە و فرۆكەخانەكان بووین ئەمەش یاریزانانی تووشی ماندووبونێكی زۆر كرد. لە درێژەی قسەكانیدا ئەیوب ئۆدیشۆ گوتی: زۆر هۆكار هەیە، كە وایكرد بەیروت دەستنیشان بكەین ئاسانكاری هاتنەژوورەوە و هەروەها نزیكەی كەش و هەوا و هەروەها یەكێتی تۆپی پێی لوبنانی ئاسنكارییەكی زۆریان بۆ ئەنجامداین زۆر سوپاسیان دەكەین، لەم یارییە یانەی هەولێر بە پلان و تكتیك یاری دەكات و بە كراوەیی یاری ناكات، قۆناغێكی زەحمەتمان بریوە بۆیە هیوادارم یاریزانان بۆ یارییەكەی سێشەممە لە بارەیەكی گونجاو بن تاوەكو دڵی هاندەرانیان خۆش بكەن. دواتر یاریزان جەلال حەسەن گوتی: یارییەكی زەحمەتە و هەوڵ دەدەین ئەنجامێكی باش بە دەست بەهێنین بۆ ئەوەی دڵی جەماوەر خۆش بكەین، هەرچەندە خۆئامادەكردنمان بۆ ئەم قۆناغە وەكو پێویست نەبوو، بەڵام توانیام سەركەوتن تۆمار بكەین و یانەی هانۆی تیپێكی بەهێزە دەبێت ئاگاداری ئەم یانەیە بین و هیوادارم ئەنجامدانی یاری بە بێ جەماوەر كاریگەری لەسەر یاریزانان نەبێت. جێگەی باسە وا بڕیارە رۆژی سێشەممە لە یاریگەی صەیدا لە لوبنان كاتژمێر 7.30 خولەكی ئێوارە یاری هاتن-ی قۆناغی 8ی جامی یەكێتی ئاسیا لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و هانۆی ڤێتنامی ئەنجام بدرێت یارییەكەش دەستەی ناوبژیوانی ژاپۆنی بەرێوەی دەبات.

رێبین رەمزی - لوبنان


PM:04:30:25/08/2014