سامانه‌ سروشتییه‌كان ئامارێكی نوێی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی بڵاوكرده‌وه‌

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم ئامارێكی نوێی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیان بڵاوكرده‌وه‌ و به‌پێی ئاماره‌كه‌ش بڕی ٤٣ ملیۆن و ١٥٩ هەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە. 

فەرمانگەى میدیا و زانیارى سەر بە حکومەتى ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە پێی دوایین ئاماری وەبەرهێنانی کانزایی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو ئێستا ٢١٥ هەزار و ٧٨٩ خێزان، لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، ١٢ ملیۆن ٨١٣ هەزار و ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٦٤ هەزار و ٦٦ خێزان، سوودمەندبوون، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک ١١ ملیۆن و ٥١٧ هەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٥٧ هەزار و ٥٨٨ خێزان سوودمەندبوون، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش ١٨ ملیۆن و ٨٢٨ هەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٩٤ هەزار و ١٤٤ خێزان، سوودمەندبوون.
cv
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە" حکومەتی هەرێم بڕی ٧٠ ملیار دینارى بۆ کڕینی نەوتی سپی، تەرخانکردووە و بەشێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیلی بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکردووە، پاڵپشتی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دەگاتە ٦٥% و هاوڵاتییان تەنیا لە ٣٥% نرخەکەی دەدەن". 


PM:08:02:29/12/2022