روونكردنەوە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەدرێت


وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بەرزبوونەوەی دۆلار لە ئەمشەودا بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێنێتەوە و رایدەگەیەنێت، بانكی ناوەندی، رۆژی چوارشەممە 127ملیۆن و 202 ھەزار دۆلار دەخاتە ڕوو، بۆ رۆژی پێنچشەممە ھیچ بڕە دۆلارێك بۆ حەواڵە نافرۆشێت.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی و ماستەر لە كارگێری دارایی رایگەیاندووە "ئەمشەو بەھای دۆلاری لە بازاری دراوەكانی عیراق تا نزیكەی 156 ھەزاری تۆمار كرد، ھەرچەند نرخی شەوان فەرمی نییە (بانكی ناوەندی بۆ رۆژی پێنچشەممە ھیچ دۆلار بۆ حەوالە نافرۆشێت)".
  
جەبار گۆران ئاماژەی بەوەكردووە، بانكی ناوەندی عێراقی بۆ سبەینێ چوارشەممە 127ملیۆن و 202 ھەزار دۆلار دەخاتە ڕوو، تەنھا 47ملیۆن و 512 ھەزار دۆلار بۆ حەواڵە مەزاد ئەكات، بۆ رۆژی پێنچشەممە ھیچ بڕە دۆلارێك بۆ حەواڵە نافرۆشێت، تەنھا 43 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار بە نەقدی دەفرۆشێت.

هەروەها وتویەتی "لە دوای سەری ساڵ خواستی بازرگانی بۆ دۆلار زیادی كردووە ، چونكە لە پێش سەری ساڵ عەملیەی حەواڵە وەستا بوو بەھۆی پشوی بانكەكان حساباتی خیتامی كۆتایی ساڵ". 

جەبار گۆران روونیكردۆتەوە، لە ئێستا بەھۆی ئەوەی بانكی ناوەندی فرۆشتنی حەواڵەی كەمكردۆتەوە بازرگانەكان بۆ التزاماتی بازرگانی ڕوو لە بازارەكانی دراو ئەكەن بۆ كڕینی دۆلار . ئەمە خواستی دۆلاری بەرز كردۆتەوە. 

ناوبراو باسی لەوەكردووە ئەنجومەنی وەزیران جەختیان لە توندكردنەوەی رێوشوێنی فرۆشتنی دۆلار كردەوە بە رێكار و میكانیزمێكی باشتر بۆ ئەوە ئەو دۆلارەی لە لایەن بانكی ناوەندی دەفرۆشێت بۆ تەمولیكردنی بازارەكانی دەرەوەی بەكار نەھێنرێت. 



AM:12:07:04/01/2023