قەرەیڵان داوا لە کورد دەکات سبەی ٧ ی کانوونی دووەم لە پاریس بڕژێنە سەر شەقامەکان


موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەری پەکەکە رایگەیاند، "پێویستە فەرەنسا ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکات"، و دەشڵێت" فەرەنسا یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری قێزەون لەبەرچاو دەگرێت، یان یاسا جێبەجێ دەکات". هەروەها داوا لە کورد و ئازادیخوازان دەکات بەشداری خۆپیشاندانی سبەی لە پاریس دژی هەردوو " کۆمەڵکوژی بکەن".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی فراتینوزی نزیکی پەکەکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی ساکینە چانسز وهاوڕێکانی و هێرشە نوێکەی ٩ی کانونی یەکەمی پار و کوژرانی سێ کوردی تر، دەڵێت " داوا لە هەموو گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان و دۆستانیان دەکەم کە لە گردبوونەوە مەزنەکەی ٧ی کانونی دووەم لە پاریس بۆ یادکردنەوەی ئەو هەڤاڵە بەنرخانە بەشداری بکەن. هەروەها ئەو بەشدارییە بەهێزە پەیامێکی گرنگ دەبێت بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک.
بەرێزەوە یادی ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزل دەکەمەوە کە لەم دواییانەدا لە پاریس شەهید بوون. میر و عەبدولرەحمان وڵاتپارێزی ئێمە بوون کە بە بڕیار و فیداکاری خۆیان لە رێپێوانی ئازادیدا خەباتیان کرد. هێزیان هەبوو، ژیر بوون. تێکۆشانی میر پەروەر وەک هونەرمەندێکی کورد پیشانی دەدات کە جەوهەری وڵاتپارێزیەکەی چەند قوڵە. هەروەها عەبدولرەحمان کزل خاوەن راستی ئازادیخوازی و رەنجێکی دەیان ساڵەیە".

لەبارەی چارەنووسی کوژرانی ئەو سێ کوردەی پاریسەوە، فەرماندەی پاراستنی هێزەکانی گەل دەڵێت" دەوڵەتی فەڕەنسا ناچارە کە ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئاشکرا بکات. هەموو گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە دەکات. هەڵوێستی لایەنە دیموکراتەکانی فەرەنسا لەمبارەیەوە ئەرێنی و دۆستانەیە. پێویستە حکومەتیش بە هەمان شێوە هەڵوێست دەرببڕێت و تاوانباران ئاشکرا بکات. بۆ ئەوەش نابێت لەسەر حسابی تاریک و بەرژەوەندی قێزەونی ئابوری کە بوونە هۆکاری کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ بمێنێتەوە. بەڕێوەبەری دەوڵەتی فەڕەنسا لەم رووبەرووە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری قێزەون لەبەرچاو دەگرێت، یان یاسا جێبەجێ دەکات. لەم کاتەدا ئەم دوو بژاردەیەی هەیە. زۆر ئاشكرایە کە نزیکایەتیەکی راست و دادپەروەرانە نەبێت، دەوڵەتی فەرەنسا بەرپرسیاری دەبێت."

لە بارەی گەمارۆی سەر سەرۆکی زیندانکراوی پەکەکە عەبدوڵا ئۆچ ئالانەوە، موراد قەرەیڵان دەڵێت" زیاتر لە هەزار پارێزەر داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بچنە ئیمرالی و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک عەبدوڵا ئۆچ ئالان ئەنجام بدەن. سەندیکاکان و پەرلەمانتاران داواکارییان پێشکەش کرد. پارێزەران و بنەماڵەی ڕێبەرتی هەموو هەفتەیەک بە بەردەوامی داوای چاوپێکەوتن دەکەن. لەم دواییانەدا زۆرێک لە دامەزراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی بە ئاشکرا خواستی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ راگەیاندووە. بە واتایەکی تر ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و کردەوەکانی رژێمی ئاکەپە – مەهەپە تا رادەیەک ئاشکرا بوون. هەروەها لایەنە جۆراوجۆرە نەتەوەیی و نێودەوڵەتیەکان هەڵوێستی خۆیان لە دژی نادادپەروەری نامرۆڤانە لە ئیمڕالی دەربڕیوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، دەوڵەتی تورک کە پشت بە هێزی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەبەستێت، ئەم کردەوەی نامرۆڤانە و بێ یاساییە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا بە ڕەوا بۆ هەموو گەلەکەمان دەزانێت". 



PM:02:44:06/01/2023