بافڵ تاڵه‌بانی سەرۆکی یەکێتی
لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەت لە سلێمانی کۆبوەوە


 سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ده‌باشان لە ماڵی تاڵەبانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکومەت، له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حکومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگای سلێمانی كۆبوه‌وه‌ و وەک راگەیەندراوە" بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردوون وەک هەمیشە ئامادەبن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک کە سەقامگیریی هەرێم تێکبدات و ژیانی خەڵکەکەی بخاتە مەترسییەوە".

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌ی سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی " ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٩ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٣، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و لێپرسراوی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە".

هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە، " داوایکردووە وەک هەمیشە ئامادەبن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک کە سەقامگیریی هەرێم تێکبدات و ژیانی خەڵکەکەی بخاتە مەترسییەوە". ( بەبێ ئاماژەکردن بۆ ئەو مەترسیانە ).

ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە کە بافڵ تاڵه‌بانی، باسی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای کرد و وتوویەتی: سەقامگیریی خاک و خەڵکەکەمان لەسەروو هەمووشتێکەوەیە و رێگە بە هیچ کەسێک نادەین یاساشکێنی بکات، داواتان لێدەکەم بەهەمووشێوەیەک رووبەڕووی ئەوانە ببنەوە کە ئارامی و ئاسایشی خەڵک تێکدەدەن و سنوورەکانی یاسا دەبەزێنن".



PM:09:37:09/01/2023