حكومەتی هەرێم بۆ هیومان رایتس ۆچ: دەستگیركراومان نییە


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ كە رەخنەی توندی لە حكومەتی هەرێم گرتووە لە دەستگیركردنی چالاكوانان و رۆژنامەوانان، رایدەگەیەنێت "دەستگیركراومان نییە". 

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ دەداتەوە و رایدەگەیەنێت "حكومەتی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووە بۆ دیموكراسی و بەرجەستەكردنی بەها دیموكراتییەكان لەوانەش مافی ئازادیی رادەربڕین و پابەندە بە سیستمێكی پتەوی بەرزەفتكردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری". 
 
زێباری ئاماژەی بەوەكردووە، "لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی چالاك هەیە وەك چاودێر، ئەمە بەدەر لە بوونی چەندان رێكخراو، ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی كە بەشدارن لە چاودێریكردن و بەرەوپێشبردنی ستاندەرەكانی مافی مرۆڤ".
 
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022، چەند یاسایەك كە دەقەكانیان روون نییە، بەكاریهێناون بۆ بەئامانجكردنی رەخنەگران لە بەرامبەر دەربڕینی رەخنە و بۆچوونەكانیان و دەشڵێت: "لە مانگی ئابی 2022، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیان رۆژنامەوان و چالاكڤانی بەر لە خۆپێشاندانێك دەستگیركرد كە رەخنەگرانی حكومەت داوای خۆپێشاندانەكەیان كردبوو".
 



PM:05:24:12/01/2023