سەرۆك كۆماری عێراق زانیاری نوێ سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئاشكرا دەكات


سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت "لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە، هەندێك كێشە هەن لە رووی بودجەوە، خۆشحاڵم بەمزووانە پارەكە رەوانەی هەرێم دەكرێت".

لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی داڤۆس بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە، كۆڕبەندی داڤۆس  گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئەو بابەتانەی كه باسیان لێوە دەكرێت، وەك  سیاسی، ئابووری، مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ناكۆكیی نێوان وڵاتان، پەیوەندییان به هەر هەموو جیهانەوە هەیە.

ناوبراو وتویەتی "بەشداریكردنی ئێمە لە داڤۆس پێویستییە، هەروەك دەزانن لە عێراقدا حكومەتێكی تازەمان هەیە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێكهێنانی ئەو حكومەتە زۆر دواكەوت، دوای پێكهێنانیشی،  بێگومان خاوەنی بەرنامەیە و هاوكاری زۆری پێویستە".

سەرۆك كۆماری عێراق روونیكردۆتەوە "بەهیواین بودجەی عێراق بە زووترین كات پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو كارانەی پێویستن لەسەرمان، ئەنجامی بدەین، وەك دابینكردنی خزمەتگوزاری، چاككردنی دۆخی ئاو، كارەبا و وزە لە عێراقدا".

سەبارەت بە نێوەندگیری لە نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆك كۆمار وتویەتی "باوەڕم بەوە هەیە دەبێت پەیوەندی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر بەهێزبێت، بۆ ئەوەی لەهەموو كاروبارەكانی ئاوەدانكردنە و سیاسییەوە شەراكەتی حەقیقی هەبێت، زۆر خۆشحاڵم دەبینم شاندی هەرێمی كوردستان دێنە بەغدا، ئەو شتانەی كە پێویست باسی دەكەن، لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە، هەندێك كێشە هەن لە رووی بودجەوە، لەبارەی ئەو بڕە پێویستەش كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دابینی كردووە، خۆشحاڵم بەمزووانە پارەكە رەوانەی هەرێم دەكرێت".




PM:07:44:17/01/2023