ئەڵمانیا: بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ئێزیدیەکان داننانە بە ئازارەکانیاندا



وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژی ئێزیدیەکان لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە، دەڵێت " هەنگاوێکی چارەنووسسازە بەرەو داننان بە ئازارەکان و بەرەو دادپەروەری بۆ رزگاربووان”.

ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بە دوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی نووسیوویەتی، دەڵێت  "سێ ساڵ لەمەوبەر ژنانێکی ئێزدیم لە باکووری عێراق (هه‌رێمی كوردستان) بینی، رفێندرابوون، کۆیلە کرابوون، دەستدرێژیان کرابووە سەر، ئازارەکانیان بەرم نادەن”.

لە درێژەی نووسینەکەیدا وتوشیەتی "ئێمە دەزانین هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی لەم جیهانەدا ناتوانێت ئازارەکانی ئەوان بنبڕ بکات، بەڵام من بڕوایەکی قووڵم بەوە هەیە کە ئەم بڕیارە جیاوازییەک دروست دەکات، هەنگاوێکی چارەنووسسازە بەرەو داننان بە ئازارەکان و بەرەو دادپەروەری بۆ رزگاربووان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە وڵاتی ئەڵمانیا ماڵی گەورەترین رەوەندی ئێزیدییە لە جیهاندا، دەنگدانی ئەمڕۆش قەرزارباری رۆڵی ماندوونەناسانەی ئەوانە.



AM:12:10:20/01/2023