دوو یانەی گەورە هەوڵی گواستنەوەی مۆدریچ دەدەن

 ئینتەرمیلان و نیوکاسڵ یونایتد چوونەتە ململانێیەکی توندەوە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانی لۆکا مۆدریچی یاریزانی یانەی ڕیال مەدرید، بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.


 گرێبەستی یاریزانە کرواتییەکە لە کۆتایی وەرزی ئێستادا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆتایی دێت، یانە شاهانەییەکەش هەوڵدەدات گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکەی زیادە درێژ بکاتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای خواستی کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵییە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە نییە .


 لای خۆیەوە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواستی لۆکا مۆدریچ ئەوەیە کۆتایی بە ژیانی تۆپی پێی خۆی دەهێنێت لەناو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بۆ ئەوەی لە دەرگای گەورە لە ژیانی تۆپی پێیدا دەربچێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش زۆرێک لە یانەکان دەیانەوێت ئۆفەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەیاری کردن.


 ڕۆژنامەی ئیسپانی "ئێل ناسیۆناڵ” بڵاویکردەوە کە یانەکانی ئینتەرمیلان و نیوکاسڵ یونایتد لە ململانێیەکی تونددان لە ئێستادا بۆ گواستنەوەی لۆکا مۆدریچ، چونکە هەردوو یانە پەیوەندییان لەگەڵ بریکاری یاریزانە کرواتییەکە کردووەتەوە.


 ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، خواستی سەرەتایی مۆدریچ مانەوەیە لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید، بەڵام لە غیابی ئۆفەری یانە شاهانەییەکە، یاریزانە کرواتیەکە دەبێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا هەموو ئەگەرەکان بخوێنێتەوە.


 جێی سەرنجە گرێبەستەکەی لۆکا مۆدریچ لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید لە کۆتایی هاوینی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت.


PM:11:41:21/01/2023