بەرپرسێكی مەسیحییەكان بۆ كورسی پێكهاتەكان داوایەك دەكات


بەرپرسێكی مەسیحییەكان رایدەگەیەنێت، دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا كەمینەكان سندوقی تایبەتییان هەبێت، چونكە ئەوان تەنها نوێنەرەكانی خۆیان هەڵدەبژێرن.

د. مونا یوحەننا یاقۆ، بەرپرسی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە پشكی مەسیحییەكان رایگەیاندووە "وەك هاوڵاتییەك سەر بە كەمینەیەكی ڕەسەنی نەتەوەیی-ئاینی و زمانەوانی حەزم كردوە، بە بێ موجامەلە داوای مافی میللەتەكەم بكەم،  ئەمڕۆش دووپاتی دەكەمەوە كە ئەوەی لەڕووی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە لەهەرێمی كوردستان باس دەكرێت دەبێت ببێتە سنوورداركردنی دەنگدان بە كورسییەكانی كۆتا لە نێو هەمان پێكهاتە، و دەبێت سندوقی تایبەتمان هەبێت بۆ گەلەكەمان، چونكە ئەمە مانای سەرەكی بوونی كۆتاكانە، بەم شێوەیە ئێمە گەرەنتی ئەوە دەكەین كە بەشدارییەكی ڕاستەقینە و چالاكمان دەبێت بە مانای وشەكە".

بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، كەمینەكان خاوەنی 11 كورسی پەرلەمانن لە كۆی 111 كورسی، بەڵام زۆرجار رەخنە لە پێكهاتەكان دەگیرێت بەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان سوودی لەو 11 كورسییە وەرگرتووە.






PM:08:56:22/01/2023