لە شەش ساڵدا بڕە پارەیەكی خەیاڵی براوەتە دەرەوەی عێراق


دوو پەرلەمانتاری كوردستان و عێراق ئاشكرای دەكەن لەماوەی شەش ساڵدا ٧٨ ملیار دۆلار براوەتە دەرەوەی عێراق.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق و عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایانگەیاندووە "شێوازێكی مەترسیداری سپێكردنەوەی پارە لەڕێگەی بانكە ئەھلیەكانی عێراقەوە ئەنجامدراوە لەماوەی ٦ ساڵدا ٧٨ ملیار دۆلار لە ٤٨ بانكەوە نێردراوە بەبێ ئەوەی ناوی ئەو كەسانە تۆماركرابێت كە پارەكەیان نادرۆتە دەرەوەی عێراق، چوار لەو بانكانە لەھەرێمی كوردستانن".

بەوتەی ئەو دوو پەرلەمانتارە "لەساڵی ( ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٣، ٢٠١٤) نزیكەی ١٢٨ ھەزارو ١٦٥ حەواڵە بۆ دەرەوەی عێراق ئەنجامدراوە، كە بڕی پارەكە (٢٠٩ ملیارو ٩٩٩ ملیۆن دۆلار بووە، لە كۆی ئەم حەواڵەو مەبلەغە ١٩ ھەزارو ٩٣ حەواڵەی كەس نازانێ كێ ناردویەتیە دەرەوەی عێراق، بڕی ئەو پارانەش ٧٨ ملیارو ٥٨٣ ملیۆن دۆلارە! ". 

هەروەها وتویانە "ئەو ٧٨ ملیار دۆلارەش كە قەیدەكانی ناوی كەسی لەسەر نەبووەو حەواڵە كراوە لەڕێگەی ٤٨ بانكەوە براوەتە دەرەوەی وڵات!، بەشێك لەو بانكانە لقیان لەھەرێمی كوردستان ھەیە، لەو ٧٨ ملیار دۆلارە ١٠ ملیارو٧٨١ ملیۆن دۆلاری لەڕێگەی چوار بانكی ھەرێمەوە حەواڵە كراوە! ".

ئەو دوو پەرلەمانتارە ناوی بانكەكانیان بەمشێوەیە خستۆتەڕوو (مصرف اربیل ٣ ملیارو ٦١٩ ملیۆن دۆلار، مصرف الشمال ٣ ملیارو ٩١٦ ملیۆن دۆلار، مصرف كوردستان ١ ملیارو ٩٦١ ملیۆن دۆلار، مصرف جیھان ١ ملیارو ٢٨٣ ملیۆن دۆلار).

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "بەكۆی گشتی ١٠ ملیارو ٧٨١ ملیۆن دۆلار لەم چوار بانكەوە ڕۆشتۆتە دەرەوەی عێراق بەبێ ئەوەی ناوی ئەو كەسانە بونی ھەبێت كە ئەو پارەی ناردووە! ".



PM:10:18:22/01/2023