فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیمان کرد
هێمن هەورامیش داوای بەزووترین کات ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن دەکات


لە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی ( ماوە بەسەرچوو) لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" دەبێت لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و جێگیرکردنی فرەبازنەیی کۆبوونەوەی نائاسایی بکات"، هاوکاتی سەرۆکی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.
 
رۆژی دووشەممە ٢٣ ی کانوونی یەکەم، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی ( ماوە بەسەرچوو) و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بەبێ بەشداری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن( نەوەی نوێ، کۆمەڵ، یەکگرتوو، شیوعی) ساز کرا.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی (ماوە بەسەرچوو) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دەبێت ھەرچی زووترە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە پێشتر لەلایەن فراکسیۆنە جیاجیاکانەوە پێشکێشکرابوون بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، جێگیرکردنی فرەبازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دوایین لیستی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی 2021ی پەرلەمانی عێراق." 
 
هێمن هەورامی دەشڵێت، "دوای ھاتنە ئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر فرەبازنەیی، ئەرکی پەرلەمانە رێوشوێنە یاساییەکانی بگرێتە بەر و چیدیکە کات بەفیڕۆ نەدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە و زەوینەی تەکنیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا ئامادە بکەن." 
 
هەردوو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەکە لە دوو کۆنگرەی رۆژنامەگەری جیاوازدا جەختیان لەسەر ئەرێنی کۆبوونەوەکان کردەوەو، زیاد جەبار وتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت هەڵبژاردن لەو کاتەیدا کە دیاری دەکرێت، بەڕێوە بچێت، هەروەها هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوە." 
 
زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی، "ئێمە دەستپێشخەری پارتیمان راگەیاندووە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێویستە لە زووترین کاتدا کار بۆ هەڵگرتنی ئاستەنگە یاساییەکان بکرێت و لە هەمانکاتیشدا هەموو ئەو لەمپەرانەی کە لە بەردەم پرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەن، بە هەنگاوی کرداری چارەسەر بکرێن." 



PM:08:40:23/01/2023