هێزی پێشمەرگە چەندین گوند لە ناوچەی زومار رزگار دەکات

هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی زوماری نیوەرۆی ئەمرۆ ٢٩ ی ئاب پێشرەوی دەکات‌و چەندین گوند رزگار دەکات‌و زیاتر لە ٤٠ چەکداری داعش دەکوژن.
بەرپرسی ئاسایشی زومار ئەنوەر ئیبراهیم بە سپی میدیای راگەیاند "لە هێرشی ئەمرۆی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی داعش لە ناوچەی زومار، چەندان گوند لەوانە عەین زالەو کۆمپانیاو دامودەزگاکانی نەوتی ئەو دەڤەرە، عەین فرس، گرجاڵ، کۆمەڵگای دۆمیزو چەندان گوند و جێگای تر کەوتنە دەست هێزی پێشمەرگە".
لە درێژەی لێدوانەکەی ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە جگا لەبەشی رۆژئاوای زومار شارۆچکەکە لەهەموو لایەکەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە گەمارۆدراوە، وەک وتی" لەهەندێک قۆڵەوە تەنها ٨٠٠ مەتر ماوە بۆ شارەکە، لەهەندێکی قۆڵی تریشەوە یەک کیلۆمەتر و دوو کیلۆمەتری ماوە".
ناوبراو زیانەکانی چەکدارانی داعشی بە زیاتر لە ٤٠ کوژراو خەمڵاند، سەبارەت بە قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەش ئەو وتی" دوێنێ ٢٨ ی ئاب دوو شەهیدمان هەبوو، ئەمرۆش تەنها چوار پێشمەرگە برینداربوون".
ئیبراهیم وتی" فرۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بەردوام بوون لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی چەکدارانی داعش".
لەلایەکی ترەوە تەلەفزیۆنی کوردسات نیوز بەپێی هەواڵێکی کەناڵەکە هیزەکانی پارتی رێگریان درووستکردووە لە پەیامنێرو کامێرای کەناڵەکە کە رووپێوی بەرەکانی شەڕی زومار بکات.  



PM:07:13:29/08/2014