خانەوادەی حاجی مەزهەر گەڕەكی كازیوە چۆڵ دەكەن



خانەوادەی حاجی مەزهەر ئەو خانەوادەیەی لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غازی شۆڤاژەوە خانووەكەیان رووخا و  14 كەسیان گیانیان لەدەستدا، ئامادە نین بڕۆنەوە ئەو گەڕەكە.

خانەوادەی حاجی مەزهەر لە گەڕەكی كازیوەی دووی شاری سلێمانی نیشتەجێن كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، شەوی 17ی 11ی 2022 بەهۆی تەقینی سیستەمی غازی شۆڤاژی ماڵەكەوە 15 كەس گیانیان لەدەستدا كە 14 كەسیان ئەندامی ئەو خانەوادەیە بوون، جگە لەوەش 12 كەسیان برینداربوون، رووداوەكەش دەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.

دوای رووداوەكە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو خێزانە دەربڕی، چونكە جگە لەو خانووە، خانوو و ئوتومبیلی ژمارەیەك هاوڵاتیش زیانیان بەركەوت.

هەفتەی رابردوو بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قەرەبووی خانەوادەی حاجی مەزهەر كرایەوە، بەپێی زانیارییەكانی (سپی) جگە لە خانەوادەی حاجی مەزهەر، قەرەبووی ئەو هاوڵاتییانەش كراوەتەوە كە زیانیان بەركەوتووە، بەڵام بەهۆی گەورەیی رووداوەكەوە حاجی مەزهەر كە خانووەكەشی بەتەواوی رووخاوە رایگەیاندوە كە جارێكی دیكە ناچێتەوە ئەو گەڕەكە و لەمەودوا لە ماڵی كوڕێكی نیشتەجێ دەبێت، جگە لە حاجی مەزهەر، چەند كەسێكی نزیكی خانەوادەكەشی كە هەر لەو گەڕەكە نیشتەجێبوون، خانووەكانیان دەفرۆشن و لە شوێنی دیكەی سلێمانی نیشتەجێ دەبن.
  




PM:03:08:30/01/2023