وادەی كۆتایی هاتنی شەپۆلی باران و بەفر راگەیەنرا


شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت، رۆژی هەینی ئەم شەپۆلە باران و بەفرەی رووی لە هەرێم كردووە كۆتایی دێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، سبەینێ لەئەنجامی بەردەوامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و زیادبوونی كاریگەری بارستە ھەوای سارد ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە درێژای كات ھەوری تەواو ئەبێت لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند و ھەندێك كات لێزمە باران و ھەورە تریشقە و زیادبوونی رێژەی بەفر بارین لەناوچە شاخاویەكاندا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەكاتەكانی بەرەبەیانەوە تا كاتی ئێوارە خێرای با زۆربەی كاتەكان مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاك دەبێت بەخێرای ٢٠ تا ٥٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژھەڵاتەوە، پلەكانی گەرما ٢ تا ٣ پلە نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت و بەفر بارین لەناوچە شاخاویەكاندا زیاتر دائەبەزێت بۆ بەرزایەكانی ١٠٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەتایبەت لەكاتەكانی ئێوارە و شەودا.

ئاراس جەبار روونیكردۆتەوە، پێشنیوەرۆی دوو سبەی كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر تەواوی ناوچەكان كۆتای پێدێت و بەڵام كەش سارد ئەبێت و پلەكانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە.




AM:11:50:01/02/2023