بەپەلە.. پێشمەرگە چوونە ناو زومارەوە (نوێكراوەتەوە)

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كەمێك پێش ئێستا توانیان پاشەكشە بە چەكدارانی داعش بكەن‌و كەمێك پێش ئێستا چوونە ناو شارۆچكەی زومارەوە.

بەرپرسی ئاسایشی زومار، ئەنوەر ئیبراهیم بە سپی میدیای راگەیاند: ئەمرۆ پاش شەڕێكی سەخت لەنێوان هێزی پێشمەرگە‌و چەكدارانی داعش لە دەروبەری زومار، چەكدارانی داعش پاش كوژراوو بریندارێكی زۆر پاشەكشەیان كرد‌و لەئێستادا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان چوونەتە ناو شارۆچكەی زومارەوە.

ئەنوەر ئیبراهیم کە خۆی لەسەرەتای ئازادکردنی ناوچەکانی زومارەوە بەشدارە لە شەڕی دژی داعش، بە سپی میدیای راگەیاند "پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ لەچەندین لاوە هێزی پێشمەرگە دەستی بە پێشڕەوی کرد بەرەو زومار و چەندین گوندی ئازادکرد".

ناوبراو وتی "لەو گوندانە، گوندەکەی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتی ئیبراهیم عەزۆ کە ناوی کرفرە، ئازادکرا".

ئەو بەرپرسە وتی "فرۆکەکانی ئەمریکا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە دەکەن و بەبەردەوامی بنکەو بارەگاکانی داعش بۆردومان دەکەن".

دوێنێ ٢٩ی ئاب پێشمەرگە تەنها ٨٠٠ مەتر دووربوو لە شارۆچکەی زوومارەوەو لەهەموو لایەکەوە گەمارۆی شارەکە لەلایەن پێشمەرگەوە درابوو، تەنها بەشی رۆژئاوا نەبێت.

هەر دوێنێ گوندی عەین زالە بە دامودەزگا نەوتییەکانیشەوە کەوتەوە دەستی پێشمەرگە.




PM:01:37:30/08/2014