داعش ژمارەیەك لەكچانی ئێزدی یەکی بە هەزار دۆلار فرۆشتووە

‌کوردانی ئاوارەی ئێزیدی لە چیای شەنگال
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) لە هەفتەکانی رابردوودا 300 کچە ئێزدی بەسەر ئەندامانی رێکخراوەکەی لە سووریا دابەشکردووە.

بە پێی هەواڵێكی باسنیوز، روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکیدا کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی دی پی ئەی ئەڵمانی کەوتووە، رایگەیاند کە چەندین حاڵەتی لەو شێوەیەی بە دیکیۆمێنت کردووە، کە چەکدارانی ئەو رێکخراوە ئەو کچە رفێندراوانەیان فرۆشتووە بە چەند چەکدارێکی دیکەی ئەو رێکخراوە، بە بڕی 1000 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر ئافرەتێک، لەدوای ئەوەی کەوا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو کچانە بوونەتە موسڵمان، بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییان پێبکەن لەگەڵ چەکدارەکانیان لەبەرامبەر پێدانی بڕە پارەکە بەو چەکدارانەی کە دەڵێن 'کچەکانیان بە پارەکانیان کڕیوون'.

روانگەی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکات کە 27 حاڵەتی تۆمارکردووە سەبارەت بەو کچانەی کە 'فرۆشراون و هاوسەرگیرییان پێکراوە' لەگەڵ چەکدارانی داعش لە دەشتی باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب و دەشتەکانی رەقە و حەسەکە.

روانگەکە ئاشكراشیکردووە کە بەر لە سێ هەفتە چەندین کەسایەتی کورد و عەرەبی ناوچەی شەدادییە لە دەشتی باشوری شاری حەسەکە هەوڵییان داوە گفتوگۆ لەگەڵ چەکدارەکانی داعش بکەن، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەک کچەکانیان لێبکڕن و دواتر ئازادییان بکەن و بیانگێڕنەوە ناو کەسوکارەکەیان، هەرچەندە بە داعشیان راگەیاندووە کە ئەوان وەک کەنیزەک بەکاریان دەهێنن.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەتووندی ئیدانەی 'رفاندنی کچ و ژنە ئێزدییەکانی کردووە و فرۆشتنیشیانی وەک ئەوەی کە ماددەیەکی بازرگانی بن، شەرمەزار دەکات، لە کاتێکدا گەلی سووریا زیاتر لە 40 مانگە شۆڕش دەکات بۆ ئەوەی لە دەستی کۆیلایەتی و زوڵم و زۆر دەربچێت و بگاتە وڵاتێکی ئازاد و دیموکرات و دادپەوەر و یەکسان'.



PM:05:19:30/08/2014