هەرێم سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل روونكردنەوە دەدات


حكومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل رەتدەكاتەوە و  دەڵێت، نەوتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی كۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەكات و هەمو كاتێك ڕێز لە دەستوریی عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندوە "لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ دەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت، ئێمە بەتوندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە رەتدەكەینەوە و بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین". 

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردوە، "هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو  هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان". 
 


سامانی سروشتییەكان دوپاتیكردۆتەوە "نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی كۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەكات و هەمو كاتێك ڕێز لە دەستوریی عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت".



PM:02:14:11/02/2023