بانكی ناوەندی راگەیەنراوێكی لەسەر رێگرتن لە سپیكردنەوەی پارە بڵاوكردەوە


پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، پابەندە بە جێبەجێكردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆردا.

بەپێی راگەیەنراوێكی بانكەكە، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە میانی سەردانەكەی بۆ واشنتن لەگەڵ دانیال زیلیكۆ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی لە دامەزراوەی جەی پی مۆرگان كۆبووەوە.

بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتن كراوە كە بانكی جەی پی مۆرگان ئاسانكاری بۆ سیستمی بانكی ناوەندیی عێراق بكات تاوەكو پارە بۆ چین رەوانە بكات، ئەوەش بەمەبەستی پارەداركردنی راستەوخۆی هاوردەكردنی كاڵای كەرتی تایبەت.
 
هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە یەدەگ و نەختینە و پێشكێشكردنی پشتیوانیی تەكنیكیی بانكیی جەی پی مۆرگان بۆ بانكی ناوەندیی عێراق و كەرتی بانكی لە عێراقدا. 
 
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندیی پابەندە بە جێبەجێكردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە رێگەگرتن لە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆردا.



PM:04:50:11/02/2023