لە تورکیا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ (١١٣) وەبەرهێن و بەڵێندەر دەرچوو

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ (١١٣) وەبەرهێن و بەڵێندەر دەرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت بەرپرسیار بن لە داڕمانی باڵەخانەکان، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی هەفتەی ڕابردوو لەو وڵاتە و باکووری کوردستان ڕوویدا.

فوئات ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا
 لە ناوەندی هەماهەنگی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئەنقەرە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" دەسەڵاتداران تا ئێستا ١٣١ وەبەرهێن و بەڵێندەریان دەستنیشان کردووە کە بەرپرسن لە ڕووخانی بەشێک لەو هەزاران باڵەخانەیەی کە لە ١٠ پارێزگای زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تەخت بوون". 

ئۆکتای لە لێدوانەکەیدا ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ١١٣ کەس دەرچووە، بەوردیش بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن، بە تایبەت ئەو باڵەخانە و بینایانەی کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و چەندین کەسیان تێدا بوونەتە قوربانی. 

لای خۆشییەوە موراد قوروم وەزیری ژینگەی تورکیا ژمارەی باڵەخانە ڕووخاوەکانی بۆ میدیاکان ئاشکراکرد و وتی" بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ٢٤ هەزار و ٩٢١ بینا و باڵەخانە داڕماون، هەروەها زیاتر لە ١٧٠ هەزار باڵەخانە ماوە کاری هەڵسەنگاندنیان لەسەر بکرێن". 

لە ئێستاشدا پرۆسەی گەڕان بە دواى بێسەروشوێنبواندا لە ناو داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکان بەردەوامە و ژمارەى ئەو کەسانەشی لە باکورى کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە (٢٨) هەزار کەسى تێپەڕاندووە و پێشبینیش دەکرێت ئامارەکان زیاتر بەرزبێتەوە.


AM:10:52:13/02/2023