"دڵسۆزیی یەكێتی زانایان بۆ ئایینی ئێزیدی نیفاقێكی رووتە"

رێكخەرانی كەمپینی "بەشێوەیەكی رەمزیی‌و كاتیی دەبین بە ئێزدی" بەتوندی وەڵامی یەكێتی زانایانی ئایینی دەدەنەوە‌و دەڵێن "یەکێتی زانایان لە بەرگی دڵسۆزێکدا بۆ ئایینی ئێزدیی خۆی دەنوێنێت. بەڵام ئێمە ئەو کارەیان بێجگە لە نیفاقێکی ڕووت وەک هیچ شتێکی دیکە نابینین.".

لەراگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە، رێكخەرانی كەمپنی "بەشێوەیەكی رەمزیی‌و كاتیی دەبین بە ئێزیدی" دەنوسن:  "ئەم بانگەشەیەی یەکێتی زانایان چەند لەگەڵ هەڵوێستەکانی تریشیاندا نەگونجێت، قەت مانای ئەوە نییە کە نابێتە هۆی چەسپینی زیاتری بەهای ''هاوقیمەتیی ئینسان و ئایینەکان'' لە زیهنی خەڵکدا. لێرەوەیە ئێمە هەرچییەک بێت، ئەو نیفاقەی کە یەکێتی زانایان دەستیان بۆ بردووە، بە نیفاقێک دەزانین کە جێگەی دڵخۆشییە. بۆیە لەپاڵ ڕەخنەکانمانەوە لێیان، دەستخۆشییان لێدەکەین کە نیفاق هەڵدەبژێرن و وەک توندڕەوەکانیان یاخیی نابن".


دەقی راگەیەنراوەكە:




نیفاقێک کە جێگەی دڵخۆشییە
ڕاگەیاندنێک لە ڕێکخەرانی کەمپینی
"بەشێوەیەکی ڕەمزیی‌و کاتیی دەبین بە ئێزدیی"


یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئایینی ئیسلامی‌ كوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێن ئەوان نیگەرانن‌و سەرکۆنەی ئەو چالاکییە مەدەنییە دەکەن کە ئێمە لە فۆرمی "بوون بە ئێزدیی بەشێوەیەکی ڕەمزیی‌و کاتیی" بەرێمانخستووە.

دیارە بۆ ئێمە گرنگ بوو تێبگەین کە ئایا ئەو بەڕێزانە لە یەکێتی زانایان بەڕوونیی‌و بەدیارییکراویی لە چی نیگەرانن و بە بنەما لەسەر چ ئارگیومێنتێک ئەوان پێیانوایە ئەو چالاکییەی ئێمە "ترسناک‌و نابەرپرسیارانەیە‌و جێگەی سەرکۆنەکردنە."

کەسێک ئەگەر بە وردیی ڕاگەیاندنەکەیان بخوێنێتەوە، بە ڕوونیی ئەوە دەبینێت کە ئەوان بە ڕێتۆریک‌و زمانێکی تەمومژاوی ئارگیومێنتەکانیان دەخەنەڕوو. زمانێک کە بە داڕشتنەوەیەکی خراپ و لاوازەوە لە خاڵێکەوە بازدەدات بۆ خاڵێکی دیکە. لە خاڵەکاندا وەهمی ئەوە دەدەن کە گوایە ڕەخنەی بەرحەقیان لە چالاکییەکەی ئێمە هەیە، بەڵام لە راستییدا هیچ ڕەخنەیەکی دیارییکراو بەرچاو ناخەن و هیچ خاڵێکیان نابەنە سەر. لەبەرئەوە، ئێمە بەگشتی ئەو ڕەخنەو ئارگیومێنتانەیان بەجددیی وەرناگرین چونکە پێمانوایە ڕەخنەی جدیی نین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین لەگەڵیاندا بچینە گفتوگۆ و دیبەیتەوە.

٭    ٭    ٭

ئێمە پێمانوایە هەندێک تێنەگەیشتن یان بەدحاڵیبوون لە چالاکییەکەی ئێمە لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەواندا بەدیدەکرێت کە بەلامانەوە گرنگە دەستیان بخەینەسەر. ئەوان ئاماژە بەو تێگەیشتنە تیۆلۆجییە (زانستی ئایین) دەکەن کە گوایە ئایینی ئێزیدیی قبوڵناکات کەس بچێتە سەر ئایینەکەی ئەوان، بەڵام ئەوان خۆیان لەو ڕاستییە زەقەی چالاکییەکەی ئێمە نائاگاکردوە کە ئەم چالاکییەی ئێمە کارێکی سیاسییە نەک ئایینیی. قسەی ئێمە لێرە لەسەر ئایینگۆڕینی ڕەمزییە نەک فیعلیی. ئەوە لە حاڵەتی ئایینگۆڕینی فیعلییدایە کە کەسەکە هەم دەبێت‌و هەم مەبەستییەتی پەیڕەوی سەوابت‌و شەعائیری ئایینە نوێکە بکات. لە حاڵەتی کرداری ڕەمزییدا، وەک ئەوەی ئێمە، کە باوەڕهێنانی ڕاستەقینەی لەگەڵدا نییە، ئەوە کردارەکە ئەرکێکی ئامرازیی هەیەو کەسەکە خەریکی چالاکییەکی مەدەنییەو بەو ئامرازە پەیامێکی سیاسیی دەگەیەنێت، نەک ئەوەی خەریکی تەعمید و تەسلیمێکی فیعلیی بێت بە ئایینێک. لێکدانەوەو ئارگیومێنتەکانی ئەوان لە پەیوەند بەم خاڵە مەبەستدارەو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ شاردنەوەی پەیامە راستەقینەو مرۆڤدۆستییەکانی نێو بەیاننامەکەی ئێمە.

ئەم ڕووەی کارەکەی ئێمە ئەوەندە ڕوونە کە توانایەکی فیکریی گەورەی ناوێت تا کەسێک بتوانێت بیبینێت. بەڵام ئێمە پێمانوایە یەکێتی زانایان بەدوای ئامانجێکی دیکەوەن. دوایین شتێک کە بۆ ئەوان گرنگ بێت ئەوەیە کە سەوابتەکانی ئایینی ئێزدیی ڕەچاو بکرێن و کەس لێیان لانەدات.

٭    ٭    ٭

یەکێتی زانایان لە بەرگی دڵسۆزێکدا بۆ ئایینی ئێزدیی خۆی دەنوێنێت. بەڵام ئێمە ئەو کارەیان بێجگە لە نیفاقێکی ڕووت وەک هیچ شتێکی دیکە نابینین. ئەگەر ئەوان بەڕاست لە خەمی ئەوەدان ئایینی ئێزدیی‌و پەیڕەوانی ئەو ئایینە لە سوکایەتیی پارێزراوبن‌و لەو پێناوەدا تەنانەت لەبەرامبەر هاودڵیینواندنی ئێمەشدا بۆیان دێنە قسە، ئەوە چۆنە چەندین ساڵە بەبێدەنگیی قبوڵی ئەو هەموو رەگەزپەرستیی ‌و هاندان بۆ ڕقلێبوون‌و هاندان بۆ توندوتیژییە دەکەن کە هەندێک مەلای سەلەفی‌و بانگخوازو پیاوی تا سەر ئێسقان رەگەزپەرست لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر مینبەرەوەو بەناوی ئیسلامەوە دژ بە هاوڵاتییانی ئێزدیی‌و ئایینەکەیان هەڵیدەڕێژن؟ ئەوە چۆنە تا ئێستا یەکێتی زانایان تەنانەت ئەرکی دەرکردنی ڕاگەیاندنێکیشیان لە دژیان نەگرتۆتە ئەستۆ؟ بۆیە ئەوەی کە ئێستا دەبنە کاسەی لە چێشت گەرمترو بەر لە لە پیاوانی ئایینیی ئێزدیی دێنە قسە، کارێکی وا بە غەیری ''نیفاق''، دروست نابێت ئێمە هیچ ناوێکی دیکەی لێ بنێین.

ئەوان لەڕاستییدا بەدوای ئامانجێکی دیکەوەن کە نەک هەر دڵسۆزیی نییە بۆ ئێزیدییەت‌و ئێزیدییەکان، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە، پێداگرییە لەسەر ئەو عەقڵییەتە زاڵەی ناو بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان کە بۆتە هۆی ئەوەی هاوڵاتییانی ئێزدیی لەم وڵاتەدا تا ئاستی جینۆساید زیادەڕۆییان لەبەرامبەردا بکرێت. ئەو زانایانە لەبری ئەوەی جەختیان لەسەر ئەوە بێت کە ئێزدییانی شنگاڵ لەم ساتەوەختەدا خوێنیان لەبەردەڕواو دەستخۆشیی لە هەر کارێکی لەو چەشنەی ئێمە بکەن کە لە هەوڵدایە بەر بەو نەزیفە بگرێت، لەناو ئەو کارەساتەدا ئەولەوییەتی ئەوان ئەوەیە زووبەزوو بەر بەوە بگرن موسڵمانانی کوردستان گوێیان لە وشەی "ئایینگۆڕین" نەبێت. هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە ئەوان‌و هەزاران پیاوی ئایینیی بەر لەوان هەموو تەمەنی خۆیان خستۆتە سەر کارکردن بۆ پیشاندانی ناپەسەندیی ئەو وشەیە. بە مانایەکی دیکە، ئەوە باسی ئایینگۆڕین‌و مەسەلەی پێداگریی ئێمەو سەدان ڕۆشنبیری دیکەیە لەسەر پووچیی ئەو عەقڵییەتەی کە ئایینی ئیسلام بە ئایینێکی باڵاترو بەقیمەتترو مەقامبەرزتر لە ئایینی ئێزدیی یان هەر ئایینێکی دیکە پیشاندەدات، کە ئەو مەلایانەی شۆک کردووەو هێناونیەتیە قسەکردن.

لێرەدایە کەسێک دەتوانێت ئەوە ببینێت کە یەکێتی زانایان نەک هەر بەدوای پێداگریی لەسەر یەکسانیی ئایینەکان و بەدوای سەرکۆنەکردنی هێرشکردن بۆ سەر ئێزدییەکانەوە بەناوی ئایینی جیاوازەوە نین، بەڵکو ئەوان ڕێک لەپێناو پێداگریی لەسەر ئەو فاشیزمە ئایینییەی ناو بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان هاتوونەتە قسە کە چەند ساڵە کاری بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر ڕۆژێک جینۆسایدێک لە شنگاڵدا دژ بە ئێزدییەکان ئەنجام درا، بەبێ دروستکردنی شۆک و ئازاری گەورە بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا تێپەڕێت.

٭    ٭    ٭

تێپەڕێنی قەتڵوعامکردنی پەیڕەوانی ئایینێک لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەبێئەوەی شۆکێکی گەورە و درێژماوە لەنێو بەشێک لە موسڵـمانان‌و هەندێک لە ئیسلامییەکان دروست بکات، نیشانەی کارایی ئەو بەنجە بوو کە ئەو هەموو ساڵە پیاوانی ئایینیی لەڕێگەی ''بەشەیتانپیشاندانی'' ئێزدییەکان و لەڕێگەی قەلاچۆکردنی هەموو باسێکی ئایینگۆڕین و قەلاچۆکردنی هەموو گومانێک لە پایەداریی ئایینێک بەسەر ئایینێکی ترەوە، کار بۆ دروستکردنی دەکەن. ئێمە دەزگای یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان لە شەرەف و شانازیی بەشداربوون لە دروستکردنی ئەو بەنجەدا بێبەش ناکەین.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لەبەرامبەر ئەو توندڕەوییەدا کە مەلا توندڕەوانەکان قسەی پێدەکەن و دەڵێن دەستەواژەی «برا ئێزیدییەکانمان» حەرامە، ئێمە ڕوویەکی باشی ئەم جۆرە نیفاقەی یەکێتیی زانایان دەبینین کە ئەویش پشتکردنی ئەوانە لە توندڕەوان. یەکێک لە ئاکامە گرنگەکانی ڕەخنەکردنی توندڕەوە خۆبەلەسەرحەقزانەکان هەمیشە ئەوەیە کە لەناویاندا کەسانێک بەرهەم دێن کە دەست دەدەنە نیفاقی کۆکردنەوەی هەردوو گوتارە دژەبەرەکە لەخۆیاندا. لەم پێناوەشدا ڕووەو ڕەخنەگرانیان دەست دەدەنە بانگەشە بۆ ئەو بەها گرنگانەی کە ڕەخنەگرانیان لەپێناو چەسپانیاندا کاردەکەن. ئەم بانگەشەیەی یەکێتی زانایان چەند لەگەڵ هەڵوێستەکانی تریشیاندا نەگونجێت، قەت مانای ئەوە نییە کە نابێتە هۆی چەسپینی زیاتری بەهای ''هاوقیمەتیی ئینسان و ئایینەکان'' لە زیهنی خەڵکدا. لێرەوەیە ئێمە هەرچییەک بێت، ئەو نیفاقەی کە یەکێتی زانایان دەستیان بۆ بردووە، بە نیفاقێک دەزانین کە جێگەی دڵخۆشییە. بۆیە لەپاڵ ڕەخنەکانمانەوە لێیان، دەستخۆشییان لێدەکەین کە نیفاق هەڵدەبژێرن و وەک توندڕەوەکانیان یاخیی نابن.


ڕێکخەرانی کەمپینی «بەشێوەیەکی ڕەمزیی و کاتیی دەبین بە ئێزدیی»
٣٠/٨/٢٠١٤




PM:02:10:31/08/2014