گه‌نجێكی كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی پۆلیسی ئێران کوژرا

گه‌نجێکی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی پۆلیسی ئێران كوژرا. 

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دوێنێ شەممە موختار فەتحی گەنجێکی خەڵکی شاری سەقز لە کاتێکدا لەگەڵ دوو هاوڕێیدا لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە نزیک ماڵەکەی خۆیاندا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌كان کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی گەشتی کەڵانتەری ١٢ی ئێرانی لە شاری سەقز، چووەتە پاڵ ئەو ئۆتۆمبێلەی کە موختار فەتحی و هاوڕێکانی تیادا بوون راوستاوە و چەکدارێکی لە مەودای دوو مەترییەوە تەقەی لەو هاووڵاتییە کردووە و بە هۆی پێکرانی ملییەوە، گیانی لەدەستدا.

به‌ وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان، دوای ته‌قه‌كردن له‌ موختار فه‌تحی، ئۆتۆمبێلی هێزەكانی پۆلیسی ئێران شوێنەكه‌یان جێهێشتووە و تەرمی موختار فەتحی، لەلایەن خەڵکەوە بۆ نەخۆشخانەی "شەفا"ی سەقز گواستراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی" ناوەندە پۆلیسی ئێرانی گومانی ئەوەیان کردووە کە موختار فەتحی لە ماوەی شەوانی رابردوودا بە دژی حکومەت دروشمی نووسیوە و ناسێندراوەتەوە، بەڵام پاش دوو کاتژمێر ئەو هێزانە بە بنەماڵەکەی ئەو هاووڵاتییەیان وتووە؛ ئێمە بەهەڵە لە کوڕەکەی ئێوەمان داوە و تەنانەت هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بڵاو ببێتەوە و نابێت ئەو بنەماڵەیە لەو پەیوەندییەدا قسە بۆ میدیاکان بکەن".

سەرچاوەیەکی خۆجێی باس لەوە دەکات، ئەو کوڕە لە شەوانی رابردوودا دروشمی دژی حکومەتی ئێران نوسیووە. موختار فەتحی تەمەنی ٣٥ ساڵە، خێزاندار بووە و هاوژینەکەی دووگیانە.
 
چەند رۆژ لەمەوبەریش مامۆستایەکی ئایینی لە شاری سەقز بە ناوی سەلاحەددین ساڵحی، تەقەی لێکرا و کوژرا، مەهدی رەمەزانی، جێگری پارێزگاری سنە رایگەیاند، کەسانێکی نەناسراو تەقەیان لەو مامۆستایە کردووە و لە هەوڵدان بکوژەکەی دەستگیر بکەن.
 
سەلاحەدین کوڕی مەلا هادی ساڵحییە، کە بە کەسایەتییەکی ئایینیی تووندڕەو دەناسرێت و پێشتر لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران گیرابوو. بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، بکوژەکان مەبەستیان بووە باوکی بکوژن، بەڵام نیوەشەوی پێنجەشەممەی هەفتەی رابردوو لە بەر دەرگەی ماڵی خۆیان تەقەیان لە کوڕەکەی کردووە و کوشتوویانە.


PM:01:51:19/02/2023