لە رێگەی سەکۆ ئەلکترۆنییەکەی بانکی ناوەندەوە دۆلار بە کۆمپانیاکانی هەرێم دەفرۆشرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" سەرجەم کۆمپانیا و کارگە و پرۆژە موڵەتدارەکان لە هەرێمی کوردستان مافی پێدانی دۆلارییان پێدەدرێت لە رێگەی سەکۆ ئەلکترۆنییەکەی بانکی ناوەندەوە". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربارەی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەپێی نوێترین رێکارەکانی بانکی ناوەند بۆ حەواڵەی دەرەکی بە دۆلار کە دوێنێ راگەیەندراوە سەرجەم کۆمپانیا و کارگە و پرۆژە موڵەتدارەکان لە هەرێمی کوردستان تا بەرواری ٢٠٢٣/١٢/٣١ مافی پێدانی دۆلارییان پێدەدرێت لە رێگەی سەکۆ ئەلکترۆنییەکەی بانکی ناوەندەوە، بەڵام مەرجە پێویستە بەڵگە نامەکانیان وەرگێرابێتە سەر زمانی عەربی بەشێوەی یاسایی". 

دەشڵێت" لە دوای ئەو بەروارەوە پێویستە لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ تۆمار بکرێن و مۆڵەتی کارکردن وەربگرن، بە پێچەوانەوە ناتوانن بەشداربن لەو سەکۆ ئەلکترۆنییە". 

ڕاشیگەیاند" ئەم بڕیارە ئەگەرچی لە ئێستادا سوودێکی باشی دەبێت بۆ خاوەنکارانی هەرێم، بەڵام لە داهاتوودا و لە کۆتایی ئەمساڵ بوونی ئەو مەرجە گرفتی گەورە بۆ خاوەنکاران و ئابوری هەرێم درووست دەکان و پێویستە بە هەموو شێوەیەک رێگری بکەین لەو زیانانەی بەر ئابوری کوردستان دەکەوێت بەهۆی ناجێگیری بەهای دۆلار بەرامبەر دینار". 


PM:01:10:20/02/2023