یه‌كێتی ئه‌وروپا و بەریتانیا سزای نوێی به‌سه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تی و لایه‌نێكی ئێراندا سەپاند

وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێککەوتن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا،  لەکاتێکدا سزاکان دوو وەزیری حکومەتی ئێستای ئێران دەکەنە ئامانج.

لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەدا یەکێتی ئەورووپا سزای نوێ بەسەر دەسەڵات و قەوارەکانی ئێراندا سەپاند، بەپێی ئەوەی کەناڵی ئەلحورای ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە" وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری پەروەردە لە تاران، جگە لە جێگری فەرماندە و وتەبێژی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕیزی ئەو کەسانەن کە پەیوەندییان بەو بڕیارە هەیە، هەروەها بڕیارەکە ئەندامانی پۆلیس، دەسەڵاتی دادوەری و بەڕێوەبەرایەتی زیندان دەگرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە،  کۆی ئەو کەسانەی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە خراونەتە لیستی سزاکانەوە ١٩٦ کەسایەتی و ٣٣ لایەنی ئێران لە خۆدەگرێت و كه‌ به‌شێك بوون له‌ هاندان بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ.

لای خۆیەوە حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، سزای بەسەر سێ دادوەر و سێ ئەندامی سوپای پاسداران و دوو پارێزگاری پارێزگاکانی ئێراندا سەپاندووە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وڵاتەکەی گرتووەتەوە، ئەوەش دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی تەمەن (٢٢) ساڵ کە دوای چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە بیانووی پابەندنەبوونی بە ڕێسای توندی جل و بەرگ لەو وڵاتە. 

بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی ئێران تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون کە ٧١ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن، هاوکات نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیش بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ دەستگیرکراون.

دوای کەمبوونەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوودا دەستیپێکردەوە و خۆپیشاندەران داوای ڕووخاندنی ڕژێمیان کرد، بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە. 

هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران ڕکابەرە ڕۆژئاواییەکانی خۆی بە هاندانی ئەو نائارامییە تۆمەتبار دەکات کە بەهۆی مردنی مەهسا ئەمینی و چەندین خۆپیشاندەری دیکە لە سەرانسەری وڵاتدا سەریهەڵداوە.


AM:09:59:21/02/2023