"ئەو کەسانەی دۆلاریان بە گرانتر لە نرخی فەرمی کڕیووە قەرەبوو دەکرێنەوە"

ئەندامێکى لیژنەى ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەو کەسانەى دۆلاریان بە گرانتر لە نرخى فەرمى لە بانکەکان کڕیووە قەرەبوو دەکرێنەوە". 

د. بریار ڕشید ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگەیاند" ئەمرۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و لەگەڵیدا کۆبوینەوە کە گفتوگۆی چڕ کرا لەسەر هەوڵەکانی بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار، هەروەها کۆمەڵێک داواکاریمان پێشکەش کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڵێنیدا جێبەجێ بکرێت".

دەشڵێت" پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایدا کە کۆبوونەوەکانیان لە ئەمریکا زۆر ئەرێنی بووە و هەنگاوی باشی ناوە بۆ سەقامگیرکردی نرخی دۆلار، هاوکات بڕیاریدا بە ئاسانکردنی حەواڵەی هاوڵاتیان بۆ دەروەی وڵات لە ڕێگەی وێسترن یونیۆن بە بڕی ۷٥۰۰ دۆلار مانگانە بە نرخی فەرمی". 

بڕیار ڕەشید ڕاشیگەیاندووە" لەسەر داواکاری ئێمە و پشت بەست بە داواکاریەکی بانکی ناوەندی هەرێم - سلێمانی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ پێدانی مۆڵەت بەو بانکە و بانکەکانی تری سنوری سلێمانی و لە هەوڵیشدان بۆ ئاسانکاری زیاتر بۆ پێدانی دۆلار بە هاوڵاتیان و بازرگانان بە نرخی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پابەندیانە لەسەریانە بە دۆلار". 

وتیشی" پارێزەری بانکی ناوەندی بەڵێنیدا هەر کەسێک دۆلاری بە نرخی گرانتر لە نرخی فەرمی کڕیووە لە بانکەکان، وەسڵەکەی بهێن بۆ بانکی ناوەندی جیاوازیەکەیان بۆ قەرەبوو دەکەین و لێپێچینەوە لەگەڵ بانکەکە دەکەین".


PM:04:05:22/02/2023