باندێكی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، باندێكی شەش كەسییان دەستگیركردووە كە ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە و دزیشیان كردووە.

پۆلیسی هەولێر بڵاویكردەوە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی خەبات، لە سنووری ناحیەی كەورگۆسك، باندێكیان دەستگیركرد كە لە شەش تۆمەتبار پێكهاتبوون و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە شەوانە لە نزیك ناحیەی كەورگۆسك لەسەر زێی گەورە، ماددەی هۆشبەریان بەكاردەهێنا و دواتر دزییان لە خەڵك دەكرد.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، تۆمەتباران لە كاتی دەستگیركردنیاندا دەست بەسەر كۆمەڵێك كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و دەمانچەیەك و ئۆتۆمبێلێكدا گیرا، دانیان نا بە تاوانی دزیكردن لە چوار ماڵ و سێ ماركێتدا.

هەروەها روونیكردۆتەوە، بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەكانی (٤٤٣) و (٤٤٦) لە یاسای سزادان و ماددە (٢١)ی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، ڕاگیران.



PM:05:00:25/02/2023