وەزارەتی خوێندنی باڵا زمانی کوردی لە گۆ دەخات


پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا. دڵشاد زاموا، رەخەنەی توند لە وەزارتی خوێندنی باڵا دەگرێت و دەڵێت " وەزارەتی خوێندنی باڵا زمانی کوردی لە گۆ دەخات "، هەروەها ئەو پرۆفیسۆرە دەشڵێت" لە زانکۆکاندا چەند پلە و پۆستێکی نوێ داتاشراون، کە هەموومان ئەزانین زیانەکانی ئەمانە زیاترن لە سودەکانیان".

لە نوسینێکدا دڵشاد زاموا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە وتارێکدا بە ناونیشانی " زمانی لاڵە، وەزارەتی خوێندنی باڵا!" دەڵێت" ماوەی چەند ساڵێکە لەناو وەزارەت و زانکۆکاندا چەند پلە و پۆستێکی نوێ داتاشراون، بەناوی دڵنیایی جۆری و بۆڵۆنیا سیستەم، جێندەر و هتد. کە هەموومان ئەزانین زیانەکانی ئەمانە زیاترن لە سودەکانیان، بەرپرسانی ئەم پۆستانە بە دڵی خۆیان زاراوەی وەرنەگێڕدراوی، خواروخێچ گۆکراوی بیانی، فڕێدەدەنە ناو زانکۆ و کۆلێج و بەشە زانستییەکانەوە".

لەو نووسینەدا ئەو پرۆفیسەرە دەڵێت" جا سەیر و سەمەرە لەوەدایە، بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵای ئێستا، دکتۆرای لە ئەدەبیات و زماندا هەیە، بە دەیان بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و ئینگلیزی و وەرگێڕان لە زانکۆکاندا هەن، و ئەمە حاڵی خوێندن و زمان و زانکۆکانە!".

دەقی نووسینەکە.. 
 
زمانی لاڵە، وەزارەتی خوێندنی باڵا!
پ.ی.د. دڵشاد زاموا Dlshad Zamua
زانکۆکان، لەپاڵ هەر زانست و بوارێکی زانستیدا، دەبێت خزمەت بە زمانی دایک بکەن، بەڵام لەم نیشتیمانەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا کە بووەتە چەتری زانکۆکان، وا خەریکە زمانی کوردی لە گۆ دەخات، و ماوەی چەند ساڵێکە لەناو وەزارەت و زانکۆکاندا چەند پلە و پۆستێکی نوێ داتاشراون، بەناوی دڵنیایی جۆری و بۆڵۆنیا سیستەم، جێندەر و هتد. کە هەموومان ئەزانین زیانەکانی ئەمانە زیاترن لە سودەکانیان، بەرپرسانی ئەم پۆستانە بە دڵی خۆیان زاراوەی وەرنەگێڕدراوی، خواروخێچ گۆکراوی بیانی، فڕێدەدەنە ناو زانکۆ و کۆلێج و بەشە زانستییەکانەوە، و فەرمان و فەرمایشتەکانیان بۆ مامۆستایان و فێرخوازانی زانکۆ ئائەم وشانەی خوارەوەی بەرهەم هێناوە:
-لە جێگەی (دیداری زانستی) ئێستا (سیمپۆزیۆم) بەکاردەهێنن، و ناشزانن کە بە ئینگلیزییەکەی بە (سیمپۆزیەم) ئەخوێندرێتەوە.
-لە جێگەی (کۆڕبەند)، ئێستا (ۆرکشۆپ) بەکاردەهێنن، هەر لە واتا زمانی و زاراوەییەکەشی نازانن چییە!
-(ژووری پۆلی گەردیلەییان) دروستکردووە، و هەر وشە ئینگلیزییەکە بە ئەلفبێی کوردی ئەنووسن و پێی ئەڵێن (کڵاسڕووم)!
-کاتێک شەوانە دوانزەی شەو لە ڕێگەی نامەی دوور و درێژی چەند خاڵی، یان نامەی دەنگییەوە، فەرمان بۆ بەرپرسی کۆلێجەکان بە مۆبایلەکانیان دەنێرن، دەڵێن بەهەموو مامۆستایان بڵێن تا بەیانی کەس نەخەوێت و هەموو (ستیودێنتەکان) واتە فێرخوازەکان، (ئادد) بکەن و (ئینڤایت)یان بکەن، واتە زیادیان بکەن و میواندارییان بکەن، بۆ (کڵاسڕوومەکان) ژووری پۆلە گەردیلەییەکان.
-لە کۆتایی هەر وەرزێکدا لیستێک کە دە پرسیاری تێدایە، وهەندێکیان بێ مانان، دەدەن بە فێرخوازەکان بۆ ئەوەی مامۆستاکانیان هەڵبسەنگێنن، و بەو لیستە ئەڵێن (فیدباک).
-بە (وەرزی خوێندن) ئەڵێن (سیمیستەر) و نازانن بە ئینگلیزی بە (سمێستە)ئەخوێندرێتەوە.
-بە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز ئەڵێن، میدتێرم!
-بە تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەڵێن فیناڵ، کە ئەمە هەڵە خوێندنەوەی وشەی فاینەڵی ئینگلیزییە, بە وەزارەتی خوێندنی باڵاشەوە، هەموو کورد فێری ئەم وشە هەڵەیە بوو, لە هەڵەی کچە پێشکەشکارێکی نەخوێندەوارەوە!
-بە بەرنامە و پلانی وانەکانی وەرزەکە ئەڵێن (کۆرسبووک)، هەرچەندە کتێب پێی ئەوترێ بوک نەک بووک!
-لەم سیستەمە سەقەتەی کە ناوی بۆڵۆنیایە، فێرخوازی کەوتووی نزیک لە دەرچوو، دە نمرەی زیادە وەرئەگرێ، ئەگەر فێرخوازەکانی تر لە ١٠٠ نمرە تاقیکردنە و هەڵسەنگاندن بکرێن، ئەم کەوتووە نزیک لە دەرچووە، ١١٠ی بۆ هەژمارئەکەن! ئەزانن چۆن؟ بەم شێوەیە، دوای ئەوەی فێرخوازەکە دەرناچێت، بەڵام نمرەکەی نزیکە لە دەرچوونەوە، دێن تاقیکردنەوەیەکی یەک پرسیاری، دە خولەکی پێدەدەن، و ناویان ناوە (ئێف ئای ئێکس)، و لەوشەی فیکسی ئینگلیزییەوە وەریانگرتووە، لەکوردەواریدا وشەی (پینەکردن) پڕ بە پێستی ئەم کردارەیە!
-فێرخواز هەیە لە قۆناغی چوارەمی زانکۆیە، بەڵام جارێ لە قۆناغی یەکەم وانەیەک دەرنەچووە، و لە دووەمیش وانەیەکی تری هەیە، بەمانە دەڵێن (عبور)، ئەمەیان عەرەبییە، واتە بە سفرێک یان دووانەوە پەڕیوەتەوە.
-ئەوە باسی سەنتەری جێندەر، هەرناکرێت، ئەوانەی لەوێ کاردەکەن، خۆشیان نازانن واتای چییە، و تا ئێستاش هەر نازانن بە ئینگلیزی واتای چییە، چجای بیکەنە کوردی!
جا سەیر و سەمەرە لەوەدایە، بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵای ئێستا، دکتۆرای لە ئەدەبیات و زماندا هەیە، بە دەیان بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و ئینگلیزی و وەرگێڕان لە زانکۆکاندا هەن، و ئەمە حاڵی خوێندن و زمان و زانکۆکانە! ئومێدەوارین وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان چارێ بۆ ئەم دەردانە بکەن، ئەگەر حاڵی زانست ئاوایە، با زمانەکەمان تیانەچێت، و ئەم لاڵی و بێ زمانییەی ناوەندە ئەکادیمییەکان چارە بکرێ!



PM:08:20:25/02/2023