"وەزیرە کوردەکانی بەغدا لەبەردەم مالکیدا لاوازبوون"

سەرجەم نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە هەموو پۆستەکانەوە" لاوازبوون" لەبەردەم سەرۆک وەزیران مالکیدا.
بەر پرسێکی کورد لە بەغدا بەسپی میدیای راگەیاند کە ئەگەر کوردو لیستی هاوپەیمانی شیعە گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم ئەو کەسانە بکرێت کە دەبن بە وەزیرو نوێنەرایەتی کورد دەکەن لەبەغدا، چونکە " پێشتر هەموویان کەموکوڕیان هەبووەو لاوازبوون لەبەردەم مالکیدا".
ئەو سەرچاوەیە وتی " لەسەردەمی ئەم ستافە لە نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیران هەرێم لەگەورەترین قەیراندابووە لەگەڵ بەغدا، نە لەرووی سیاسیەوە توانیوایانە داکۆکی لەمافی کورد بکەن، نە لەرووی کەسێتیشەوە توانیویانە بەرگری لە سەنگ و قورسایی هەرێم بکەن".
ئەو دەڵێت" بچوکترین ناکۆکی هەبووبێت لەنێوان بەغداو هەرێم کەس لەکۆبوونەوەکەنی ئەنجومەنی وەزیران شەڕی لەگەڵ مالکی نەکردووە، یەکسەر شەرەکە هاتۆتە سەر سنوری هەرێم و حکومەتی عێراق یەکسەر سووپای کۆکردۆتەوە بۆ شەری هەرێمی کوردستان و هێناویەتە سەر سنوری هەرێم".
سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە هەندێک لە وەزیرەکان لەبری ئەوەی شەڕی مووچەی خەڵکی کوردستان بکەن و هەڵوێستیان هەبێت دەپاڕانەوە لەمالکی کە مووچەکە بنێرێت. 
سەرچاوەکەی سپی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە جێگری سەرۆک وەزیران و هەموو وەزیرە کوردەکان کە دادەنرێن هەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت لە پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی کورد لەپەرلەمان عێراق، هەروەها میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا بۆ چوار ساڵێ ئایندە.



PM:05:18:01/09/2014