باوكێك ئاماژە بە "ئەشكەنجەیەكی مەترسیدار"ی كوڕەكەی دەكات لە دەزگایەكی ئەمنی هەولێر


باوكی گەنجێكی شاری هەولێر رایدەگەیەنێت، كوڕەكەی لە دەزگایەكی ئەمنی شاری سلێمانی بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ داعش"، كوڕەكەی بەشێوەیەكی مەترسیدار ئازار دراوە.

باوكی محەمەد، لەبەردەم دادگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كوڕەكەیان بە  دوو ساڵ و شەش مانگ حوكمداوە، بە تۆمەتی ئەوەی گومانیان لێی هەبووە بچێتە ناو داعش، باوكی روونیكردۆتەوە "وەڵاهی بەحەیاتی كوڕی من نوێژی نەكردووە من خۆشم ناچمە مزگەوت ئێمە هەر ماركسین".

باوكی محەمەد وتیشی "ئەوان یەك مریشكیان پێ بووە چوونە بۆ سەیرانگای مەلەكیان، دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشی تۆپزاوا تەلەفۆنی كرد وتی كوڕەكەتم بۆ بێنە بۆ شایەتی لەوێوە رادەستی دژە تیرۆریان كردووەو ئاوایان لێكردوون و ئەمڕۆش دادوەر بە (2 ساڵ و شەش مانگ) زیندانی سزای داون".

هەروەها براكەی ئەو دەستگیركراوە وتویەتی، "منداڵێكی 19 ساڵ، سێ شەو و سێ رۆژ تەعزیبی بدەیت، كارەبای لێبدەیت، بتڵی پێهەبگریت، شانی دەربكەیت، ئێ چۆن ناڵێت ئەبوبەكر بەغدادیم؟".


لەلایەكی دیكەوە شوان گەردی، مافناس لە روونكردنەوەیەكدا لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی كە پیاوێك لە پێش دادگا بۆ دەیان كەناڵی تەلەفزیۆنی دەڵێت (كوڕەكەم تعژیب دراوە و قۆڕ كراوە و شانی دەرچووە لەگەڵ تەعژیب و بوگلی بیبسی بە كۆم پێ هەڵگیراوە)،  لەلایەن كوڕی ئەو پیاوە دوو تۆماری دەنگیم بۆ هاتووە كە ئەوە ڕەت دەكاتەوە برایەكەی بوگڵی لە كۆم نرابێت و دەڵێت باوكم لەبەر ئەوەی كوڕەكەی بە بێ بەڵگە دوو ساڵ و نیو حوكمی خواردووە و جەختیش لە تەعژیبەكە دەكاتەوە تەنها نكوڵی لە بوگڵە بیبسییەكە دەكات، دەنا دەڵێت باقی تەعزیبەكانی تر وایە".

شوان گەردی روونیكردۆتەوە "بەپێی قسەكانی برای ئەو كەسە كە دەكاتە كوڕی ئەو پیاوەی ئەو قسانەی كردووە، تەنها بوگڵەكە راست نییە، جا نازانم وایە یان لەبەر هەر هۆكارێك ئەو قسەیە دەكات .. بەڵام دەڵێت مەسەلەكانی تر تەواو و تەعزیب قسەی پێ كراوە ... بۆیە تاوانی تەعزیب هەر هەیە و دیسانەوە پێویستە رێكاری لەسەر وەربگرێت".



PM:01:58:02/03/2023