لە یادی راپەڕیندا
سەرکردەکانی پارتی‌و یەکێتی داوای یەکڕیزی دەکەن


بە پێچەوانەی واقیعی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی خراپی یەکێتی و پارتی، سەرکردەکانی پارتی، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانیش لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە رانییە داوای یەکڕیزی و تەبایی دەکەن.
لە پەیامێکدا بەبۆنەی راپەڕینەوە سەرۆکی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراوە) رایگەیاند " ئێستاش گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانییه‌وه،‌ ده‌بێ وانه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ راپه‌ڕین وه‌ربگرن. ده‌بێ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌كاركردن، بكه‌نه‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتن و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان."

هەرچی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی یە لە وتارێکدا لە رانییە رایگەیاند " دادپەروەریمان دەوێت. دەستدرێژ دەكەین بۆ هەر لایەنێك كە بتوانێت میللەتەكەمان ئاشت بكاتەوە، كە بتوانێت خزمەتی میللەتەكەما بكات، كە بتوانێت ئیش بكات بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان” و وتی، "حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەگەر ئەوەتان دەوێت، ئێمە دەستمان درێژ دەكەین بۆتان، دڵمان پاكە، دەمانەوێت بۆ بەرژەوەندی حزبەكان ئیش نەكەین، بۆ بەرژەوەندی میللەتەكەمان ئیش بكەین، با بۆ ئەوە خەبات بكەین، ئەگەر ئەمەتان دەوێت، ئێمە ئامادەین، ئەگەر ئەمەتان ناوێت، خۆتان زەرەر دەكەن”.
م
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا بەم بۆنەیەوە رایگەیاند  "قەوارەی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی راپەڕینی خەڵكی كوردستان، دەستكەوتێكی مێژوویی و گرانبەهای گەلی كوردستانە. ئەو دەستكەوتە دەبێت بپارێزرێت و بەهێز بكرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەك كار بۆ لاوازكردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بكرێت كە گەلی كوردستان لەپێناویدا راپەڕینی کرد."
هەرچی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراوە) لەو بۆنەیەدا دەڵێت" لە یادی راپەڕیندا جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان."

ئەمڕۆ ٥ ی ئازار ٣٢ ساڵ بەسەر راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە دەروازەی شاری رانیەوە دەستیپێکردو هەموو کوردستانی لە ماوەی مانگێکدا گرتەوە، ئەم راپەڕینە  بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت کە بووە مایەی پاککردنەوەی تەواوی هەرێمی کوردستان لە چەند راپەڕینێکی تری یەک لە دوای یەکی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا.



PM:12:04:05/03/2023