لە سەقز هاوڵاتییەک بە تۆمەتی سووتاندنی ده‌ستگیرانه‌كه‌ی له‌ سێداره‌ درا

هاوڵاتییەکی خەڵكی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە دوو ساڵ پێش ئێستا دوای كوشتنی دەزگیرانەكەی دەستگیركرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە سزاكەی جێبەجێكرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، سزای سێدارەی كەیومەرس زەرغامی خەڵكی شاری سەقز لە بەندیخانەی ناوەندی حكوومەتی ئەو شارە جێبەجێكرا.

كەیومەرس زەرغامی، بە تۆمەتی كوشتنی دەزگیرانەكەی خۆی دەستگیرکرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.

تەرمی سووتاوی گوڵاڵە شێخی دەزگیرانی كەیومەرس لە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١) و چەند ڕۆژ پاش نادیاربوونی ناوبراو، لە جادەی نێوان سەقز – سنە دۆزرایەوە.

كەیومەرس زەرغامی پاش كوشتنی دەزگیرانەكەی، خۆی ون كردبوو و پاشان لە شاری (ئاستارا)ی سەر بە پارێزگای گیلان لە باكووری ئێران دەستگیرکرا. 


PM:03:01:05/03/2023