زانیاری نوێ سەبارەت بە وادەی كۆتاییهاتنی شەپۆلی باران بارین


پێشبینی دەكرێت ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە ناوچەكانی سلێمانی و دەوروبەری كردووە تا سبەی نیوەڕۆ بەردەوام بێت، بەڵام لە ئێوارەی چوارشەممەوە شەپۆلەكە دەست پێدەكاتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، لەكاتەكانی ئێستا بەدواوە بەگشتی كاریگەری بای چالاكی باشوری رۆژئاوا كەم دەبێتەوە و ئەگەرەكانی بارانبارین زیاتر ئەبێت كە تا سبەی پێشنیوەرۆ ناوبەناو ھەورە تریشقە و تاوە باران ئەبێت بەتایبەت لەسنوری ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەھەندێ كات و ناوچەدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبێت لەگەڵ چالاكبوونی ھەورە بروسكەی بەھێز بە كاریگەری كەمتریش لە سنوری ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەكانی خۆرھەڵاتی پارێزگای ھەولێر ئەگەری باران و ھەورە بروسكە ئەبێت تەواوی ناوچەكانی دیكەی ھەرێم ئەگەری نمە باران ئەبێت و سبەینێ  كاریگەری ئەم ناسەقامگیریە كۆتایی پێدێت .

ئاراس جەبار روونیكردۆتەوە، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەمەوە جارێكی دیكە ئەگەر ھەیە شەپۆلێكی دیكەی چڕی باران و ھەورە بروسكە ناوچەكە بگرێتەوە كە بەھەمان شێوە زیاتر كاریگەری لەسەر ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان ئەبێت.



PM:07:24:06/03/2023