زانیاری نوێ لەسەر شەپۆلی بارانبارینی ئەم هەفتەیە


پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێكی نوێی باران بارین روو لە هەرێمی كوردستان و سەرەتاش لە پارێزگای دهۆكەوە دەست پێدەكات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، ئەگەر ھەیە لە رۆژی سێشەمەوە ١٤ی ئەم مانگە ناوچەكانی هەرێم بكەوێتەوە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەراست و بارستە ھەوایەكی شێداری گەرمی لەگەڵدا دەبێت كە لە وڵاتی سوریاوە كاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەكان درێژ ئەبێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، سەرەتا رۆژی سێشەممە لەسنوری پارێزگای دھۆك كاریگەری ئەبێت بە بارانبارینی پچر پچر و لەناوچە شاخاویەكانی پارێزگاكەشدا بە تاوە بارانی بەخور و بەلێزمە،  دواتر بۆ رۆژی چوارشەمە ئەگەر ھەیە حاڵەتەكە بەھێزترببێت بەتایبەت لەسەر سنوری پارێزگای دھۆك بە چالاكبوونی ھەورە تریشقەی بەھێز و بارانی بەلێزمە و زۆر كە لەھەندێ ناوچەی سنورەكەدا ببێتە ھۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

ئاراس جەبار روونیكردۆتەوە، دواتر ھەر لەرۆژی چوارشەمە و كاتە جیاوازەكانی نیوەرۆ بۆ شەو كاریگەری فراوانتر ئەبێت بۆ سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و سنوری پارێزگای كەركوك و سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان بە تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاواز لەھەر ناوچەیەكدا كاریگەری ئەبێت.

بەوتەی ئەو كەشناسە ئەم شەپۆلە بۆ رۆژی پێنجشەمە كاریگەری بارستە ھەوا شێدارەكەی باشور كەم دەبێتەوە و سەنتەری نزمە پاڵەپەستۆكەی دەریای ناوەراست دەگاتە ناوچەكان كە بارستە ھەوایەكی ساردی لەگەڵدایە بەشێوەیەكی لاواز بۆ مامناوەند بارانی پچر پچر بەردەوامی ئەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرما و دەستپێكردنەوەی بەفر بارین لەناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا.



PM:06:22:11/03/2023