داوایەكی دیكەی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم ئاشكرا دەبێت


كونسوڵگەری گشتی ئەمریكا لە هەرێم رایدەگەیەنێت، داوا لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن ناكۆكییەكان وەلابنێن و كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا بكەن.

زەهرا بێل، كونسوڵی گشتی ئەمریكا بە وەكالەت لە هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیاكار رایگەیاندووە، ئەمریكا پێیوایە كە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت جیاوازییەكانیان وەلا بنێن و دەڵێت، دەبێت بە یەكەوە كار بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك بكەن، لەوانەش گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامدانی لە زووترین كاتدا، لەگەڵ دابەشكردنی داهات بەشێوەیەكی یەكسان و چارەسەركردنی جیاوازییە سەرەكییەكانیان لەسەر ئابوری و لایەنی ئەمنی و سیاسی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، وەك هاوڕێ و هاوشانی هەرێمی كوردستان، هانی لایەنەكان دەدەین بەردەوام بن لە كاركردن لەگەڵ یۆنامی و تیمی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا.

بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكانەوە هەڵبژاردن لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە تائێست دواخراوە و هێشتا وادەی هەڵبژاردن دیارینەكراوە.



PM:09:03:12/03/2023